لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك "نوسەر و رۆشنبیر"ی سلێمانی بە نهێنی سەردانی مەسعود بارزانی دەكەن.
بەگوێرەی زانیاریەكانی "سپی میدیا" لە هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەك "نوسەر و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس"ی سلێمانی لەسەر داوای نوسینگەی بارزانی سەردانی پیرمامیان كردووە و بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لەگەڵیدا كۆبوونەتەوە و دواتر بارزانی جێیهێشتوون.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد پاش ئەوەی بارزانی كۆبوونەوەكەی جێهێشتووە داوایكردووە لەگەڵ مەسرور بارزانی كۆبوونەوەكەیان تەواو بكەن و لەگەڵ ئەودا كۆبوونەوە.
هەروەها "سپی" زانیویەتی بەشێك لەو نوسەرانە فریانەكەوتوون بۆچوونی خۆیان لە كۆبوونەوەكەدا بڵێن و دواتر بە نامە بۆچوونەكانیان ڕادەستی نوسینگەكەی بارزانی كردووە.
عارف قوربانی، ڕۆژنامەنوس و نوسەر كە باس لەوە دەكرێت یەكێك بوووبێت لەوانەی سەردانی بارزانی كردبێت ڕایگەیاند "ئاگاداری كۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیە نیە و بەشدار نەبووە".
هەروەها ئەبوبەكر كاروانی، سیاسەتمەدار و نوسەر بەهەمان شێوە بێئاگایی خۆی لە كۆبوونەوەی لەو شێوەیە دەربڕی.
هەروەها بەهرۆز جەعفەر، نوسەر بە "سپی" ڕاگەیاند كە ئەو داوایەكی لەو شێوەیەی لێكراوە، بەڵام ڕەتی كردۆتەوە و وەك خۆی ئاماژەی پێدا ئەو ڕەخنە و ڕاو بۆچوونەكانی خۆی لەسەر هەرپرسێك لەڕێگەی توێژینەوە و میدیاكانەوە بە حیزبە سیاسیەكان دەگەیەنێت و پێویست بە هیچ دانیشتن و كۆبوونەوەیەك ناكات.
ناوبراو وتیشی "كۆبوونەوەكە لەبارەی ڕیفراندۆمەوە بووە، بەڵام ڕەتكردنەوەی ئەو داوایە مانای ئەوەنیە من دژی ڕیفراندۆم بم، بەڵام ڕەخنە و تێبینیم هەیە لەسەر كۆی پرۆسەكە".