قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی، نرخی ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ ئەم مانگە دیاریكرد كە لەنێوان 13 بۆ 15 هەزار دینار دەبێت، خشتەی پێدانی كارەباشی بۆ مانگی ئاب راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیاندراوێكی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 30ی تەموزی 2017، لیژنەی دیاریكردنی نرخی سەعاتی ئیشپێكردنی مۆلیدە ئەهلییەكان، لە كۆبوونەوەی مانگانەی خۆیدا، لەسەر بنەمای سەعاتی ئیشپێكردنی مۆلیدەكان و نرخی گازوایل لە مانگی تەمموزدا، نرخی سەعاتی ئیشپێكردنی مۆلیدەكانی بە 42 دینارو نیو دیاریكرد.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە لە دوای كۆبوونەوەكە، سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند "بەرنامەی كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلیەكان لە مانگی ئابدا، لەكاتی بڕانی كارەبای نیشتمانیدا، مۆلیدە ئەهلیەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن".
دەربارەی نرخی كارەبای مانگی تەمووز و سەعاتی پێدانی كارەبا، سیروان محەمەد وتی: بۆ مانگی تەموز نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی 42.5 چل دوو دینارو نیوە، كە سەعاتی كارپێكردنی مۆلیدەكان لە گەڕەكەكاندا جیاوازە، بەگشتی لەنێوان 330 – 350 كاتژمێرە، بەو پێیەش نرخی ئەمپێرێك لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر جیاوازە.