وادەی وەرگرتنی خوێندكارانی ۱۲ی ئامادەیی لەزانكۆی سلێمانی ڕاگەیەندرا


ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو و سەرۆكی زانكۆی سلێمانیش رایگەیاند "لە هەفتەی داهاتوەوە خۆێندكاران بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە بەش و كۆلێژەكانی زانكۆی سلێمانی وەردەگیرێن".

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی ئاب ڕەزا حەسەن، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەپێی تازەترین ڕیزبەندی وێبۆمەتریك بۆ زانكۆكانی جیهان لەمساڵدا زانكۆی سلێمانی لە پلەی ٦٠٠٢هەمی زانكۆكانی جیهانە و لەئاستی عیراق لەپلەی۱۱یەمدایە، لەكاتێكدا لەساڵی ٢٠١٥ لەپلەی ١٤٨٨٠ ی زانكۆكانی جیهان و ٢٥ی سەر ئاستی عیراق بووین" .

وتیشی "لەمساڵدا پلانی خۆمان پێشكەش بە وەزارەت كردوە بۆ وەرگرتنی خوێندكاران، جگە لەكۆلێژەكانی پزیشكی وئەندازیاری و دوو بەش لەكۆلێژی زانست، بەشێك لەكۆلێژی یاسا، سەرجەم فاكەڵتی و بەشەكانی تر, خوێندكار دەتوانێت بەشێوازی ڕاستەوخۆ داوای خوێندن پێشكەش بكات، ٥٥ لەسەدی خوێندكارانیش بەشێوازی ڕاستەوخۆ وەردەگیرێن" .

ئاشكراشیكرد "لەهەفتەی داهاتووەوە خوێندكارانی دەرچووی پۆلی ۱۲ دەتوانن سەردانی بەشەكان بكەن كە ئارەزوویانە و فۆڕمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆ پربكەنەوە

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دەربارەی ئەگەری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی دەوام وتی "ساڵی پار مژدەی ئەوەمان بە مامۆستاكانماندا لەداهاتی زانكۆ پارەی وانەوتنەوەیان بۆ دابین بكەین و كردومانە و دەنگۆی ئەوەش هەیە حكومەت چاو بە سیستمی موچەدا بخشێنێتەوە و پاشەكەوت كەمبكرێتەوە, بۆیە لەمپەڕ لەبەردەم دەستپێكردنەوەی دەوام دروستنابێت".




PM:12:20:02/08/2017