لە سلێمانی داوا دەکرێت پێداچوونەوە بە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم بکرێت

ئەنستتیوتی وۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی بەھاودەنگی بەشێک لەرێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی و ئەندام پەرلەمانەکان لەژێر دروشمی ( لەنێوان بەڵێ و نەخێر بۆ ریفراندۆم ، بەڵێ بۆ دواخستنی ریفراندۆم) لە سلێمانی داوا دەکرێت پێداچوونەوە بە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم بکرێت.

ئاشتی عەبدوڵا بەڕێوەبەری ئنستتیووتی وۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی لە خوێندنەوەی وتاری رێکخراوەکەیەدا کە دوێنێ لە سلێمانی لە گردووبوونەوەیەکی ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان و دەستبژێری کۆمەلگدا خوێندیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد " لەسۆنگەی هەستكردنمان بەرامبەر بەهەستیاری بارودۆخی هەرێم و ئەو مەترسی و ئەگەرو پێشهاتانەی لەبەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمە، بەپێویستمانزانی داوا بكەین وردترو دوربینانەتر لەپرسێكی نیشتمانی واگرنگ بڕوانن."

ئەو رێکخراوە داوا لە لایەنەکان و رای گشتی دەکات کە لەم پرسە چارەنووس سازەدا راشکاوانە هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکەن.

دەقی راگەیەندراوەکە:-
لەنێوان (بەڵێ و نەخێر) بۆ ریفراندۆم، بەڵێ بۆ دواخستنی ریفراندۆم
راگەیەندراوی ئنستتیووتی وۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی (WID) سەبارەت بەئەنجامدانی ریفراندۆم ..
بۆ/ پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ..
بۆ/ حکومەتی ھەرێمی کوردستان .
بۆ/ سەرکردایەتی لایەنە سیاسیەکان ..
بۆ/ رای گشتی و سەرجەم لایەن و دەزگا پەیوەندیدارەکان ..

لەسۆنگەی ھەستکردنمان بەبەرپرسیارێتی بەرامبەر بەھەستیاری بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و ھەموو ئەو مەترسی و ئەگەرو پێشھاتانەی کە لەبەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمدایە، بەپێویستمان زانی کەسەرکردایەتی کوردو لایەنە سیاسیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەرێگەی ئەم راگەیەندراوەوە بخەینە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژووی و داوایان لێ بکەین کەوردترو دوربینانەتر لەپرسێکی نیشتمانی وا گرنگ بڕوانن و تێکەڵی ململانێی سیاسی و بەرژەوەندی حزبی نەکەن و ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بێت نەک ململانێی سیاسی و وەک کارتێک بۆ بەرژەوەندی حزبی و کەسی بەکاربھێنرێت، بەبڕیاری نامەدروس ریفراندۆم لەنێوان (بەڵێ و نەخێر)دا چارەنووسی ئەم ھەرێمەو ھاووڵاتیەکانی بەرەو دووریانێکی مەترسیدار بەرێت و ئامانجی کورد بۆ سەربەخۆیی شکستی پێ بھێنرێت.
پرسێکی وەھا گرنگ، کە پەیوەستە بەداھاتوو چارەنووس و ژیانی تاک بەتاکی ئەم ھەرێمە، بوونی کیانێک و دەوڵەتی کوردی بخرێتە بەردەم ململانێی سیاسی و دروست بوونی ھەل بۆ دوژمنانی کورد تا ئەم خەونەی کوردی پێ لەبارببرێت.
داوا لەسەرجەم لایەن سیاسیەکان بەتایەبەت سەرکردایەتیەکانیان و پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و رای گشتی دەکەین، کە بەرپرسیارانە بڕیار بدەن لەبەرامبەر مێژوو و ئێستاو داھاتوو.
بۆ ئەوەی ئەم پرسە بەیاسایی و نیشتمانی بکرێت و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیش نەکەونە بەردەم مەترسی ناوخۆیی و ئیقلیمی و دەرەکی، ھەروەھا پرسی سەربەخۆیش لەبارنەبرێت، داوا لەسەرکردایەتی کورد و لایەنە سیاسیەکان ئەکەین کە بەرپرسیارانە پێداچوونەوە بەبڕیاری کاتی ئەنجامدانی گشت پرسی بکەن و ریفراندۆم دوابخرێت بۆ کاتێک کە ئامادەکاری و زەمینەسازی بکرێت ، تا بەسەرکەوتوویی ریفراندۆم ئەنجام بدرێت.
ئاشکرایە کە لەئێستادا ھەرێمی کوردستان ھیچ ستراتیجێکی روونی نیە بۆ دوای گشتپرسیەکەو ئامادەکاری و زەمینەسازی نە لەناوخۆو نە لەدەرەوە ئەنجام نەداوە.
ئێمەە لە (WID) و بەشێک لەرێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی و ئەندام پەرلەمانەکان پێمان وایە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم ئامادەکاری و زەمینەسازی بۆ ئەو پرۆسەیە بکرێت بەم شێوەیە:-
١-لەھەرە گرنگترین رێکارەکان بۆ ئەم پرسە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە تا ریفراندۆم بەیاسایی و نیشتمانی بکرێت، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێدانەوەی رۆڵی راستەقینەی خۆی کە بەرزترین دەزگای تەشریعیە لەھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ئامانج لەکاراکردنەوەشی تەنھا بۆ تێپەراندنی ریفراندۆم نەبێت، بەڵکو لەو باوەرەوە بێت کە لەکارخستنی ھەڵەیەکی گەورە بوو زیانی بەھەرێمی کوردستان گەیاند لەھەموو روویەکەوە.
٢-ئامادەکاری و داڕشتنی پلانی تۆکمەی سیاسی و ئابووری و سەربازی و رێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی و یەک گوتاری لەسەر پرسی ریفراندۆم بەرپرسیارێتی و ئەرکی لایەنە سیاسیەکانە تا لەکاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم توانای
رووبەرووبوونەوەی ھەر مەترسی و پێشھاتێکی ئیقلیمی و دەرەکی ھەبێت.
٣-ئاوڕدانەوەی جدی لەژیان و گوزەرانی خەڵک کە لەئێستادا خراپترین گوزەرانیان ھەیە.
٤-دەربازکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم ھەموو قەیرانەی کە لەئێستادا تووشی ھاتوە تا لەو رێگەیەوە دامەزراوە حکومیەکان بەرۆڵی خۆیان ھەڵستن لەئیدارەدانی ھەرێمدا لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکدا.
٥-بەھێزکردنی لۆبی کورد تا لەوێوە ئامادەکاری زیاتر بکرێت بۆ پەیداکردنی پشتیوانی لەریفراندۆم و سەربەخۆیی.
٦-خالێکی زۆر گرنگ کە ئاماژەی پێ بکەین، بەنیشتمانی کردنی ریفراندۆمە، چونکە ئەم پرسە بەتەنیا ئامانجی حزبێک و دووان نیە، بەڵکو مافی چارەی خۆنووسینی ھەموو تاکێکە و ریفراندۆم لەبەردەم مەترسی ھەردوو ئاراستەی بەڵێ و نەخێر دووربخەینەوە، لەناوەرۆکی راگەیاندراوەکەدا ئاماژەمان بە مەترسی بەلێ دا لەئێستادا و بەھەمان شێوە نەخێریش مەترسیەکی گەورەترە کە ئەبێتە ھۆی لەباربردنی پرسی سەربەخۆیی و خەونی لەمێژینەی خەڵکی کوردستان، لەو باوەرەداین و واقعیش لەبەرچاوە کە بەڵێ و نەخێر بۆ ئێستا زیانی گەورە بەچارەنووسی ھەرێم و خەڵکەکەی دەگەیەنێت و مەترسیشە بۆ سەر سەربەخۆیی کوردستان، بۆیە دواخستنی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بەئەرک و بەرپرسیارێتی ھەمووان دەزانین ..
ئینستتیوتی وۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و بەھاودەنگی بەشێک لەرێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
سلێمانی ٣ی ئاب ٢٠١٧




AM:09:54:04/08/2017