جولآنەوەی " نەخێر لە ئێستادا " لە شاری سلێمانی لەلایەن کۆمەڵێک رۆشنبیر و پەرلەمانتار و میدیاکراوە راگەیاندرا.
ئەمڕۆ جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم بە فەرمی ڕاگەیەندرا و داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی ٢٥ی مانگی ئەیلولی کرد.
لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕابون مەعروف وتەبێژی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا بەیاننامەی جوڵانەوەکەی خوێندەوە و وتی "ئێمە ئەمڕۆ بە فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی (نەخێر لە ئێستادا) ڕادەگەیەنین و پێمانوایە ئەم ریفراندۆمە خزمەتی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستان ناکات."
هەروەها وتیشی "ئەم ریفراندۆمە نەك ھەر ھەنگاوێك نییە بە ئاراستەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کۆماریی دیموکرات و دادپەروەر بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەڵەیەکی مێژویی ترسناکە بە ئاراستەی لەبار بردنی ئەو ئامانجە و دابەشبون و پەرتبونی زیاتر."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ڕیفراندۆمە ھەنگاوێکە کە نەك ھەر دۆست و پشتیوان بۆ دۆزی رەوای گەل دروست ناکات بەڵکو دۆست و پشتیوانە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکانیش لەدەستدەدات.
ڕابون مەعروف وتیشی "بەرەی (بەڵێ) ئەو حیزبانە پێکیانھێناوە کە لە دوای راپەڕینەوە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبەن و یەکێك لە ناشیرینترین نمونەکانی حوکمڕانیان لە مێژوی مرۆڤایەتیدا بەسەر ئەم گەلەدا سەپاندوە."
ڕاشیگەیاند "داوا دەکەین بڕیاری ریفراندۆمەکەی (٢٥ ی ئەیلول) ھەڵوەشێتەوە و تەنھا کاتێك ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە ببرێت کە رێکارەکانی سەربەخۆیی ئەوە بخوازێت."
نەخێر لە ئێستادا دەشڵێت "بانگەوازی گەلەکەمان دەکەین کە لە پێناوی ئایندەی نەوەکانمان و پاراستنی نیشتیمانە خۆشەویستەکەمان لە کارەسات و نەھامەتی، پشتگیری بانگەشەی نەخێر لە ئێستادا بکەن."
بەیاننامەی "نەخێر لە ئێستادا"
لە کاتێکدا، بۆ دو ساڵ دەچێت، پەرلەمانی کوردستان بە نایاسایی و بەھێزی چەکداری حیزبی، پەکخراوە، ٧ ی حوزەیرانی ٢٠١٧، کۆمەڵێك حیزبی سیاسی، بێ ھیچ پاڵپشتیەکی یاسایی و ئیجماعی نیشتیمانی، رۆژی (٢٥ ی ئەیلول) یان بۆ ریفراندۆمێکی ناشەرعی دیاریکرد. ئەو کۆمەڵە حیزبە، کە بڕیاری ئەو ریفراندۆمەیان داوە، لەبری کۆکردنەوەی ھەمو پێکھاتە جیاوازەکانی گەلەکەمان لە دەوری بابەتێکی نیشتیمانی ئەوتۆ، خەڵکی ئەم وڵاتەیان بە تیژی بۆ دو بەرەی جیاواز و پێچەوانە دابەش کردوە: بەرەی (بەڵێ) و بەرەی (نەخێر)!
لە (٧ ی حوزەیران) ەوە، بەرەی (بەڵێ) لە رێگەی خراپ بەکارھێنانی دەزگا دەوڵەتی و نیشتیمانیەکان و ناوەندە ئیعلامیە زەبەلاحە حیزبی و سێبەرەکان، بانگەشە بۆ ئەم ریفراندۆمە ناشەرعیە دەکەن. بەڵام بەرەی (نەخێر) کە جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەھێز و فراوانە و ھەزاران ھاوڵاتی ئاسایی ئەم ھەرێمە و چەندان کەسایەتی سیاسی و نوسەر و رۆژنامەنوس و ئەکتیڤیستی کۆمەڵگای مەدەنی بەڕێیان خستوە و پشتیوانی دەکەن، نا فەرمی و پەرت و بڵاوە. ئەو بەرەیە، کە پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان و سەروەری یاسا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکرات و دادپەروەر دەکات، لە ئێستادا ئەو ریفراندۆمە بە گونجاو نازانێت و بە ھەنگاوێکی پێچەوانەی ئەو ئامانجە لە مێژینەی گەلەکەمانی دەزانێت. بۆ كۆکردنەوە و رێکخستنی ئەو ھێزە کۆمەڵایەتیە فراوان و زیندوە، ئێمە ئەمڕۆ بە فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی (نەخێر لە ئێستادا) رادەگەیەنین!
ئێمە، جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، پێمانوایە ئەم ریفراندۆمە خزمەتی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستان ناکات. ئەم ریفراندۆمە نەك ھەر ھەنگاوێك نییە بە ئاراستەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کۆماریی دیموکرات و دادپەروەر، بە پێچەوانەوە، ھەڵەیەکی مێژویی ترسناکە بە ئاراستەی لەبار بردنی ئەو ئامانجە و دابەشبون و پەرتبونی زیاتر و راکێشانی گەلەکەمان بۆناو کارەسات و ماڵوێرانی و ململانێی چەکداری و خوێناوی. ھەنگاوێکە کە نەك ھەر دۆست و پشتیوان بۆ دۆزی رەوای گەلەکەمان دروست ناکات، بەڵکو دۆست و پشتیوانە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکانیشمان لەدەستدەدات.
بەرەی (بەڵێ) ئەو حیزبانە پێکیانھێناوە کە لە دوای راپەڕینەوە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبەن و یەکێك لە ناشیرینترین نمونەکانی حوکمڕانیان لە مێژوی مرۆڤایەتیدا بەسەر ئەم گەلەدا سەپاندوە. لە کاتێکدا ئامانجی نزیکی بەرەی بەڵێ داپۆشینی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و شکستە گەورە و ترسناکەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئامانجی ستراتیجی و دوری ئەو بەرەیە، داگیرکردنی ئایندەی ئەم گەلە و ڕفاندنی دۆسێی سەربەخۆیی و بەکارھێنانێتی بۆ بەرژەوەندی دەستەبژێری دەسەڵاتدار و چەند خێزانێکی سیاسی.
لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان بە ھەمو پێکھاتە سیاسی و نەژادی و ئاینی و ئاراستە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکانەوە، ئێمە جوڵانەوەی (نەخێر لە ئێستادا) داوا دەکەین:
یەکەم: بڕیاری ریفراندۆمەکەی (٢٥ ی ئەیلول) ھەڵوەشێتەوە و تەنھا کاتێك ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە ببرێت، کە رێکارەکانی سەربەخۆیی ئەوە بخوازێت و ھەروەھا پایەکانی دەوڵەتێکی دیموکرات و سەرکەوتو دامەزرابن و دەستور و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئایندەی گەلەکەمان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان ھەمو پێکھاتە جیاوازەکانی کوردستان پەسەند کرابێت.
دوەم: ئەگەر بەرەی (بەڵێ) پێداگیری کرد و بە پێچەوانەی بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان ریفراندۆمەکە ئەنجامدرا، ئێمە داوا لە دەنگدەرانی وڵاتەکەمان دەکەین کە لەم ریفراندۆمەدا بە (نەخێر) دەنگ بدەن.
بەڵێ لەم ریفراندۆمەدا، واتە بەڵێ بۆ ستەمکاری و مۆنۆپۆلی دەسەڵات! واتە بەڵێ بۆ بیست و شەش ساڵی دەسەڵاتی کوردی; بیست و شەش ساڵی پڕ لە ستەم و نەبونی ئازادی و بێدادی و گەندەڵی و دزینی سامانی وڵات! بەڵێ، واتە بەڵێ بۆ شکاندنی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤی کوردستانی! بەڵێ لەم ریفراندۆمەدا، واتە بەڵێ بۆ ئایندەیەك کە ھاوشێوەی بیست و شەش ساڵی رابوردو بێت; ئایندەیەك کە ھەمو گەلی ئێمە بکرێن بە کۆیلە و ئامرازی خزمەتکردنی کەڵکەڵە و ئارەزوە ترسناکەکانی چەند خێزانێکی چاوچنۆکی سیاسی!
ھەرچەندە، نەخێر لە ئێستادا، واتە نەخێر بۆ ئەزمونی شکستخواردوی حکومەتی ھەرێم; حکومەتی کلیپتۆکرات "دەسەڵاتی فەرھودچی" و میرەکانی جەنگ و بازرگانەکانی سیاسەت! نەخێر، واتە نەخێر بۆ دەستەبژێری سیاسی دەسەڵاتدار: ئەو دەستەبژێرەی کە سەلماندیان جگە لە کارەسات و نەھامەتی و ماڵوێرانی ھیچیتریان پێنیە پێشکەشی ئەم گەلەی بکەن! نەخێر لە ئێستادا، واتە نەخێر بۆ ھەژاری و نەھامەتی و ململانێی چەکداری و شەڕ و کوشتار و خوێن رشتن!
ئێمە، جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، بانگەوازی گەلەکەمان دەکەین کە لە پێناوی ئایندەی نەوەکانمان و پاراستنی نیشتیمانە خۆشەویستەکەمان لە کارەسات و نەھامەتی، پشتگیری بانگەشەی نەخێر لە ئێستادا بکەن.