سلێمان عەبدوڵا یونس، کادیری
پێشکەوتووی یەکێتی و نزیک لە بەرهەم ساڵح بۆچوونی ئەو سەرکردەیەی یەکێتی لەبارەی
جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا و ڕیفراندۆم دەخاتە ڕوو.
سلێمان عەبدوڵا یونس ئەندامی
مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كادری پێشكەوتوی ئەو حزبە كە
بەكەسێكی نزیك لە بەرهەم ساڵح هەژمار دەكرێت و سەرۆکی دەزگای خەندانە کە لەلایەن
بەرهەم ساڵحەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت ڕایگەیاند بڕوایان وایە ئەمڕۆ ریفراندۆم بێت یان هەفتەی
داهاتوو، یان 25ی ئەیلول یان پێش مانگێك و ساڵێك پاش ئەوە گرفتەكە نییە، بەڵكو
گرفتەكە ئەوەیە ئایا ئێمە كۆدەنگییەكی كوردستانیمان هەیە بۆ ئەم مەبەست و ئامانجە،
هەركات ئەوەمان هەبوو نە درەنگ و نە زووە، هیچ رۆژێك پیرۆز نییە و ئەو رۆژەی
دانراوە قابیلی گۆڕان بێت دەبێت و قابیلی پاشخستن و پێشخستن بێت، ئەو رۆژە پێویستە
پەیوەست بێت بە یەكڕیزی و یەكدەنگی هێز و لایەنە سیاسییەكانەوە، چونكە ئەوە
بەرژەوەندییەكی كوردستانییە و بڕیارێكی كوردستانییە و ریفراندۆم و سەربەخۆیی خەون
و ماف و خواستی خەڵكە و هیچ هێزێكی سیاسی دژی ئەم خواست و خەونە نییە و هەموو
هێزەكانیان خەباتیان لەو پێناوەدا بووە.
سڵێمان عەبدوڵا یونس وتوشیەتی
"ئێمە دژی دابەشكارین، لەگەڵ ئەوەین كە ئەگەر جیاوازیەك هەبوو لەسەر رۆژەكە
ئەو جیاوازییە نەبێتە دروستكردنی بەرەیەكی جیاواز و بەسەر دوو بەرەدا دابەشمان نەكەن،
یەكێتی نیشتمانی كوردستان نوێنەری لە كۆمیتەی ریفراندۆم هەیە، بەڵام بەبڕوای من
پێویستە یەكێتی پێداگری بكات لەسەر نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵیش كە لە كۆمیتەكەدا هەبن
و بەشداریبكەن، چونكە ئەگەر نوێنەری ئەو دوو لایەنە ئەندامی لیژنەی ریفراندۆم
نەبن، ئەوكات یەكێتی و بنكە جەماوەرییەكەی ناتوانن تەفەهومی ئەوە بكەن و لە
هەڵبژاردنەكانی داهاتووش یەكێتی باجێكی گەورە دەدات، بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات
پێویستە پارتی دیموكراتی كوردستان رەچاوی دۆخی یەكێتی بكات و یەكێتیش دەبێت رەچاوی
دۆخی خانەی راپەڕاندن و سەركردایەتی گۆڕان بكات كە هێشتا لە دۆخێكی دژواردایە.
سەبارەت بە هەڵوێستی بەرهەم ساڵح
لەبارەی پرسی ریفراندۆم و كاردانەوەكانەوە ناوبراو وتویەتی "دكتۆر بەرهەم لەگەڵ
كۆدەنگی و رێككەوتنی هێزەكانە، لەگەڵ ئەوەیە هیچ رۆژێك موقەدەس نییەو هیچ رۆژێكیش
بێزراو نییە، هیچ كات درەنگ نییە و هیچ كات زوو نییە، ئەو دەڵێت هەر ئەمڕۆ
پەرلەمان كارا بكەینەوە و یەكێتی نێوان هێزە سیاسیەكان دەستەبەر بكەین، گۆڕان و
پارتی بگەنە قۆناغێكی تازە، بەهەموومان لەپەرلەمانی كوردستان كێشەكانی سەرۆكایەتی
هەرێم چارەسەر بكەین، دوای ئەوە بەوەفدێكی كوردستانی یەك و یەكگرتوو كە لە
پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت بڕۆین لە بەغدا دانوستاندن بكەین بەرهەم صاڵح
پێیوایە ئەم بابەتە دابڕاو نییەو قەتیس نییە لەنێوان بەڵێ و نەخێردا، بەڵكو
پێویستی بە یەكڕیزی و كۆمەڵێك پێداویستی ترە.
لەبارەی ئەوەی کە دەوترێت بەرهەم
ساڵح پشتگیری جوڵانەوەی نەخێر دەکرێت کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە
ڕاگەیەندراوە، سلێمان ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت " بەموتڵەقی ئێمە هاوسۆزییەكمان
لەگەڵ هیچ جووڵانەوەیەكی نەخێر نییە، ئێمە دەڵێین بەڵێ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی،
بەڵام دوای ئەو (بەڵێ)یە كۆمەڵێك بەڵاممان هەیە، ئەم بەڵامانە لەگەڵ نەخێرەكەدا
یەك ناگرنەوە، بەڵامی خەڵكی دڵسۆز و پەرۆشی ئەم وڵاتەن، ئەم بەڵامانە لەسەرەنجامی
تێگەیشتن لە فاكتە كوردستانیەكان و كۆمەڵایەتییەكان و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان
هاتوون و لەخۆڕا نەهاتوون، پێویستە سەركردایەتی سیاسی كوردستان نادیدەی ئەم
بەڵامانە نەگرێت و چارەسەری ئەم بەڵامانە بكەن بۆ ئەوەی هەموومان لەسەری كۆك بین".