یەپەگە: لەچەند قۆڵێکەوە سوپای تورک هێرشیکردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان

یەكینەكانی پاراستنی گەل( یەپەگە) رایدەگەیەنێت كە سوپای توركیا بەنیازی داگیركردنی خاكی كۆبانێ بووە هێزەكانیان ناچاریان کردوون پاشەکشە بکەن.

یەكینەكانی پاراستنی گەل( یەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردۆتەوە ڕایگەیاند "هێرش و پێشێلکارییەکانی سوپای تورک بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، سوپای تورک پاش ئەوەی هەوڵدانەکانی بۆ داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین بێ ئەنجام مایەوە، هەوڵیدا کانتۆنی کۆبانێ داگیر بکات، بەڵام هێزەکانمان وەڵامیان دانەوە و پیلانەکەیان پوچەڵ کردنەوە".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ڕۆژی ٦ی مانگ کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو بۆ ٠٤:٠٠ی بەرەبەیانی سەربازانی سوپای تورک بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر گوندەکانی مالکییە و مارانەز، هەر ئەو ڕۆژە سەربازەکانی سوپای تورک دیسانەوە بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر بەلوونییە سەربە شارۆچکەی شەراغ کانتۆنی عەفرین، لەلایەکی دیکەوە دەستڕێژی گولـلەیان لە گوندی عەین دەقنە و گردی شەهید شیلان و گردی قەستەلە و گردی ئیسکا".


ڕاشیدەگەیەنێت "هاوکات لە هەوڵێکی داگیرکارانەدا هێرشیان کردە سەر گوندی بۆبانی سەربە کانتۆنی کۆبانێ، سەربازەکانی سوپای تورک سنوورەکانی کانتۆنی کۆبانێیان بەزاند و هاتنە ناو خاکی کۆبانێیەوە، پاشان هێزەکانمان وەڵامی ئەو دەستدرێژییەیان دایەوە و سەربازەکانی سوپایان ناچار کرد پاشەکشە بکەن، لەلایەکی دیکەوە سەربازەکانی سوپای تورک بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر گوندی مزرداویتی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ".




PM:05:04:11/08/2017