"بۆهەڵبژاردنی داهاتوو بەرهەم ساڵح لیست دروست دەكات"
دەنگۆی ئەوە هەیە كە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان لیست دروست بكاتو لە ئێستاوە هەوڵی بۆ دەدات.
بە پێی هەواڵێكی رووداو، بەرپرسێكی یەكێتی لە بادینان بەناوی عەلی مستەفا ئۆرۆماری كە پێشتر جێگری مەڵبەندی چواری یەكشێتی بووە خۆی وەكو بەرپرسی پرۆژەكەی د.بەرهەم ناساندووە و لەگەڵ چەندین چالاكڤان و كەسایەتی بادینان دانیشتووە و باسی پرۆژەكەی د.بەرهەمی بۆ كردوون".
بەوتەی سەرچاوەكەی رووداو "لەسەر زاری د.بەرهەمەوە بەڵێنی پۆست بەو كەسانە دراوە كە بۆ پرۆژەكەی بەرهەم ساڵح قسەیان لەگەڵ كراوە".
عەلی مستەفا ئۆرەماری، جێگری مەڵبەندی چواری یەكێتی لە بادینان پشتڕاستی كردەوە كە ئەو لەلایەن د.بەرهەم ساڵحەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ خەڵكی بادینان بدات. عەلی مستەفا باسی پرۆژەی بەرهەم ساڵح دەكات و دەڵێت "دەمێكی درێژە د.بەرهەم ئامادەكاری بۆ ئەم پرۆژەیە دەكات، ئەوەش دوای بێئومێدبوونی جەنابی هات لە چارەسەركردنی رەوشی سیاسیی كوردستان و كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی".
بە گوتەی عەلی مستەفا، پرۆژەكەی بەرهەم ساڵح خۆی لە دروستكردنی لیستێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبینێتەوە و دەڵێت "خەریكە كاك بەرهەم بە تەواوی بێئومێد دەبێ لە چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكانی كورستان و یەكێتی، بۆیە لەگەڵ ژمارەیەك كەسی پێلایەن، تەكنۆكرات و بزنسمان كە لایەنگری حیزبەكانی دیكەشی تێدایە، لیستێك بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئامادە دەكات".
ئۆرەماری لەوباوەڕەدایە زۆر لە یەكێتییەكانی بادینان لەگەڵ پرۆژەكەی بەرهەم ساڵحدا دەبن و دەڵێت "د.بەرهەم پەیوەندی و دۆستایەتی كۆنی لەگەڵ زۆر كەسایەتی ئەكادیمی و میدیاكار هەیە و ئێستاش لەگەڵ گەنجەكان پەیوەندی باشی هەیە. تاوەكوو ئێستاش زۆر كەس پشتگیرییان لە پرۆژەكەی كردووە، ئێستا من سەرپەرشتیاری پرۆژەكەی بەڕێزیانم لە بادینان، رەنگە كەسی لە من باشتریش لە بادینان لە پرۆژەكەدابن، بەڵام بە ئاشكرا هەتا ئێستا خۆم سەرپەرشتی پرۆژەكەی دەكەم".
سەبارەت بە ناو و ناوەڕۆكی پرۆژەكەش، عەلی ئۆرەماری دەڵێت: "هەتا ئێستا پرۆژەكە ناوی هیوا و ئایندەیە، چەند پەیجێكیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن كەسە نزیكەكانی د.بەرهەمەوە بەو ناوە دروستكراون، رەنگە پرۆژەكە بەو ناوە رابگەیەنرێ".
عەلی ئۆرەماری باسی مەرجی بەرهەم ساڵح دەكات بۆ پاشگەزبوونەوە لەو لیستەی كە بڕیارە دروستی بكات و دەڵێت "ئەگەر كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەو جۆرەی ئێستا بمێننەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە بەرهەم ساڵح بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لیستی دەبێ".
گوتیشی: "لەو باوەڕەداین دەنگێكی زۆر بهێنێ، بە تایبەتی لە هەولێر و دهۆك، چونكە هەتا ئێستا لەو دوو پارێزگایە ململانێی سیاسی نەبووە، لایەنێكی سیاسیش خۆی سەپاندووە، بەڵام ئەو سەردەمە رۆیشت".
عەلی دەڵێت هەر لە ئێستاوە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیان بە بانگەشە بۆ پرۆژەكە كردووە، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن كەناڵێكی ئاسمانی دەكەنەوە.
هەرێم كەمال ئاغا، بەرپرسی مەڵبەندی چواری بادینان سەبارەت بە هەوڵەكانی د.بەرهەم لە بادینان بە (رووداو)ی گوت: "ئێمەش لە رێگەی فەیسبووكەوە بیستوومانە كە كاك بەرهەم لەگەڵ چەند كەسێكی دەڤەری بادینان كۆبووەتەوە".
AM:09:15:14/08/2017