لەسەر فڕاندنی فەرهاد سەنگاوی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "تا دیاریکردن و ئاشکراکردنی بکەرەکان، دەزگاکانی ئاسایشی سلێمانی بە بەرپرس دەزانین".
ڕابوون مەعروف وتەبێژی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی فڕاندنی فەرهاد سەنگاوی کردووە و دەشڵێت "تا دیاریکردن و ئاشکراکردنی بکەرەکان، دەزگاکانی ئاسایشی سلێمانی بە بەرپرس دەزانین و داواکارین بە زوترین کات، بکەرانی ئەو روداوە دەستگیر و دادگایی بکرێن".
وتووشیەتی "لە ھیرش و پەلامارێکیتری ناوەندە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ سەر ئازادی و شکۆی ھاوڵاتیان، ئەمڕۆ گروپێك چەکدار لە ناو شاری سلێمانی، بۆ ماوەیەك تێکۆشەری دێرین و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا دەفڕێنن".
ڕابوون مەعروف ئەوەشی وتووە کە سەرنجی لایەن و ناوەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان بۆ ئاستی مەترسیداری سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادیەکان و مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان ڕادەکێشین و داوا دەکەن دەسەڵاتدارانی ھەرێم وەك بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەو پێشێلکاریانە بناسرێن و وەك کۆمەڵێك خۆسەپێن شەرعیەتی دەسەڵاتەکەیان کۆتایی پێبھێنرێت.
دوای چەند کاتژمێرێک فڕاندنی، ئەمڕۆ فەرهاد سەنگاوی ئەندامی ئەنجوومەنی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا ئازادکرا و وتی، ئەو لە ماڵی برایەکی بووە لە گەڕەکی کانی بای شاری سلێمانی و چەند کەسێک چوونەتە ماڵی براکەیی و فڕاندوویانە.