وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی وەزارەتی پێشمەرگە دەداتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی دایەوە و ڕایگەیاند "هەڵوێستی ئێمە دەربارەی ڕاپرسی و عێراق و سەروەریی خاكی عێراق روونە، قسەكانی سەر لەشكر باقریش ورد و بەجێ بوون و هیچ كێشەیەكیان نییە".

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان كە سەبارەت بە قسەكانی سوپاسالاری ئێران بڵاویكردبووەوە، رایگەیاند "هەمووان ئازادن كە قسەبكەن، هەڵوێستی ئێمە دەربارەی ڕِاپرسی و عێراق و سەروەریی خاكی عێراق روونە، قسەكانی سەر لەشكر باقریش ورد و بەجێ بوون و هیچ كێشەیەكیان نییە".
 
هەفتەی رابردوو محەممەد حسێن باقری، سوپاسالاری ئێران، بە سەردانێكی چوار رۆژە گەیشتە ئەنقەرە لەگەڵ كاربەدەستانی باڵای توركی كۆبووەوە و دوای تەواوبوونی سەردانەكەی رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی توركیادا باسی ڕیفراندۆمی چاوەڕوانكراوی باشووری كوردستانی كردووە و وتی "نابێ ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت"، لە وەڵامدا وەزارەتی پێشمەرگە و قسەكانی باقریی رەتكردەوە و بە دەست تێوەردان لە كاروباری كوردستان لەقەڵەمیدا.
 
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی سوپاسالاری ئێران لە توركیا رایگەیاند "سەفەرێكی بێوێنە بوو، چونكە 40 ساڵ دەبێ لەو ئاستەدا پەیوەندیمان نەبووە و سەردانەكەش لەسەر بانگهێشتی سوپاسالاری توركیا بوو".
 
بەوتەی قاسم بەهرامی "پێشوازیكردنەكە زۆر باش بووە و دانوستاندنی زۆر گرنگ و یەكلاكەرەوە كراون و دیدارێكی ئەرێنی و بونیاتنەریش لەنێوان سوپاسالاری ئێران و سەرۆككۆماری توركیادا هەبووە".
 
بەهرامی دەربارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی سوپاسالاری ئێران و بەرپرسانی توركی وتی "دەبێ كەمتر لەوبارەیەوە قسەبكەین و لەئایندەدا دەبینین كە چ كاریگەرییەكی ئەرێنیی لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەكانمان و لەسەر ناوچەكەش هەیە".




PM:01:48:21/08/2017