كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی توركیا و عێراق كۆتایی هات و هەردوو بەرپرس لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەیان خستە ڕوو.
لەدەستپێكی كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا جەعفەری ڕایگەیاند "لەبوارەكانی ئەمنی و ئابوری سیاسی لەنێوان ئێمەو توركیادا گفتوگۆ جدیمان كرد، بەتایبەتیش قسەمان لەسەر كشانەوەی هێزەكانی توركیا كرد لەخاكی عیراق كە ئێستا لەبەعشیقە جێگیركراون و بەڕەسمی ئەو داواكاریەمان گەیاندە نوێنەرەكەی ئەنكەرە".
لەبەرامبەر ئەوەشدا وەزیری دەرەوەی توركیا وەڵامیدایەوە و ئاشكرایكرد، "ئێمە بۆ مەشق بەڕۆڵەكانی عێراق لەبەعشیقەین، زیاتر لە 700 چەكداری داعش لەڕێگەی ئەو سەربازگەیەی ئێمەوە كوژراون، لەئازادكردنی موسڵیش هێزەكانی بەعشیقەمان بەشداریانكردوە بۆ ئەوەی زانیاریتان هەبێت".
ئۆغڵو ئەوەشی ڕاگەیاند، "لەكۆبونەوەمان داوامان لەعیراق كردوە تەلەعفەر بپارێزن بەو پێیەی ناسنامەیەكی توركمانی هەیە".
مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند، ئومێد دەكەین هەموو كێشەكانی نێوانیان لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بكرێت، ڕاشیگەیاند بە هەولێریان وتووە، "بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكی هەڵەیە، دەبێت پەشیمان ببنەوە لێی".
وەزیری دەرەوەی توركیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبێتەوە.
هەروەها دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا مەولود چاوش ئۆغلۆ سەردانی هەرێم دەكات و لەگەڵ بارزانی كۆدەبێتەوە و پرسی ریفراندۆم و شەڕی تەلەعفەر تاوتوێ بكەن.