دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، ئەمریكا پشتیوانی بارزانی دەكات، بۆیە بوێری هەیە لە بڕیاری ریفراندۆم و دەڵێت "بارزانی ئەمریكا و بەریتانیا دەناسێت، بەڵام توركیا ناناسێت، رۆژێك دێت گورزی بەهێزی بەردەكەوێت".
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا "مەهەپە" لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا و سەبارەت بە بەشداریپێكردنی كەركووك لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان وتی "كەركووك شارێكی توركیە و هەرواش دەمێنێتەوە، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگا رەوا نییە، چونكە پێكهاتەی توركمان و عەرەب بایكۆتیان كردووە".
سەرۆكی مەهەپە وتیشی "ئەمریكا پشتیوانی بارزانی دەكات، بۆیە بوێری دەكات و هێندە پێداگرە لە بڕیاری ریفراندۆم. بارزانی ئەمریكا و بەریتانیا دەناسێت، بەڵام توركیا ناناسێت، رۆژێك دێت گورزی بەهێزی بەردەكەوێت، بەڵام ئەوسا زۆر درەنگ دەبێت بۆ ناسینی دەوڵەتی توركیا".
لەبارەی تەلەعفەرەوە، باخچەلی وتی "خۆشحاڵین بەئازادكردنەوەی ئەو شارۆچكە توركمانییە، دەوڵەتی توركیا هەموو تواناكانی دەخاتەگەڕ بۆ ئاوەدانكردنەوەی تەلەعفەر، بۆ ئەوەی توركمانەكان بەزووترین كات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دیموگرافیای ناوچەكە تێكنەچێت".