باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، سەرباری جەختکردنەوە لە ئەنجامدانى ریفراندۆم لە کاتى خۆیدا، بەڵام لەم چەند ڕۆژەی دواییدا وادەردەکەوێت بارزانى هەوڵی دواخستنى ریفراندۆم بدات.
زاڵماى خەلیل زاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکى تورکی ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەى وڵاتانى دراوسێ و جیهان لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا نین و بە تایبەتیش تورکیا کە چەندین جار دژایەتی خۆی نیشانداوە، بەڵام ئەگەر ریفراندۆمیش کرا پێناچێت هیچ وڵاتێک دەستوەردانی سەربازی بۆسەر هەرێم بکات.
خەلیل زاد راشیگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا و هەولێر و بەغدا ڕێکنەکەون، لە هەرێمى کوردستان ریفراندۆم دەکرێت کە بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلولدا ئەنجام بدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، بۆ ڕۆژی دواتر دەوڵەت راناگەیەنرێت، بەڵکو دیسانەوە قۆناغێکی دیکەی دانوستاندنەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێدەکات، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان لە ئێستاوە هەوڵی چارەسەرى کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدەن.
دەشڵێت، باشترین رێگا ئەوەیە کە وڵاتانى ناوچەکە بە تایبەتی ئێران و تورکیا و عێراق پەیوەندیەکانیان پتەو بکەن و هەوڵبدەن کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەربکەن و ئەگەر بارزانی بیەوێت ریفراندۆمیش بکات، ئەوە ناچارە دیسانەوە لە بەغدا دانوستان بکات.
ڕۆژی ٧ ی حوزەیران جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ، لایەنە سیاسیەکانی دیکەی هەرێم لەگەڵ بارزانیدا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ڕۆژی ٢٥ ی ئەیلول ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدرێت و ئەنجوومەنێکی باڵاش بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێکهێنرا لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان.