جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی هەڵوێستی کۆمسیۆن و نوێنەرانی پێنج حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کردووە، و دەڵێت " ئەو پێنج هێزە دەستیان گرتووە بەسەر بڕیارەکانی کۆمسیۆندا".
جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ دوو شەممە ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی نوێنەری یاساییان سەرجەم پێداویستییە یاساییەکانی بە پێی داواکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ئامادە کردووە، بۆ تۆمارکردنی جوڵانەوەکە لە کۆمسیۆن، بەڵام بە پێی هیچ پاساوێک کۆمسیۆن جوڵانەوەکە تۆمار ناکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا هاتووە "رێگەگرتن لە تۆمارکردنی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستانەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا نەتوانێت چاودێر بنێرێتە بنکەکانی هەڵبژاردن لە ڕۆژی دەنگدانی ریفراندۆم دا و نەشتوانێت بانگەشە بۆ نەخێر لە ئێستادا بکات".
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی کۆمسیۆن و نوێنەرانی پێنج حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کردووە، کە دەستیان گرتووە بەسەر بڕیارەکانی کۆمسیۆندا و ڕێگری دەکەن لە تۆمارکردنی جوڵانەوەکە.
جوڵانەوەکە داوای لە ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین کردووە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات و نوێنەران و کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییە و هەڵوێستیان هەبێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جوڵانەوەی نەخێر ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕێگە بە تۆمارکردنی جوڵانەوەکە نادرێت ئەوا بوونی نەخێر لە وەڵامی پرسیاری ڕیفراندۆمدا بۆ هەبێت، لە کاتێکدا ڕێگری بکرێت لە بانگەشەی نەخێر، کە هیچ مانایەکی بۆ بوونی بژاردەی نەخێر لەسەر فۆڕمی دەنگدان نامێنێتەوە.
تۆمارنەکردنی جوڵانەوەی نەخێر وەک قەوارەیەک لە کۆمسیۆن، لە کاتێکدایە کە نوێنەری پێنج حزبە سەرەکییەکەی هەرێم وەک قەوارەی سەربەخۆ بە مەبەستی چاودێریکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم ناوی خۆیان لە کۆمسیۆن تۆمارکردووە.