بارزانی: ئەگەر کەسێک بیەوێت بە چەک کەرکوک داگیربکات کورد خۆی یەکلادەکاتەوە
مەسعود بارزانی هیوادارە کە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم چەک بۆ پاراستنی کەرکوک لە داگیرکاری یان کەسانێک کە بیانەوێت چەک بەرزبکەنەوە هەڵنەگرن.
بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی فارسی لەسەر مەترسییەکانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە "ئەگەر ئەوان تەنها هەڕەشە دەکەن، ئەوا لێیان دەگەڕێین قسەی خۆیان بکەن، بەڵام ئەگەر بە کردار کارێک بکەن، ئەوە دۆخێکی جدی دێتە پێشەوە ".
وتوشیەتی "دەبێت لەوە تێبگەن کە کەرکوک شاری پێکهاتەکانە و ئەگەر کەسێک بیەوێت بە چەک کەرکوک داگیربکات، یان لە کوردستانی جیابکاتەوە، ئەوا دڵنیام هەموو کورد بۆ پاراستنی ئەو شارە خۆی یەکلایی کردووەتەوە".
لەبارەی کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە " تا ئێستا هەڵەمان کردووە کە دوامان خستووە و هەر کاتێک ڕیفراندۆم دوابکەوێت مەترسیەکانی زیاتر دەبێت، بۆیە پێمان وایە ئێستا دەبێت ڕیفراندۆم بکرێت".
بارزانی لەبارەی مەترسییەکانی ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆمەوە وتویەتی "کەی ئەم ناوچەیە ئارامبووە کە ئێستا لە تێکچوونی بترسین، کەی عێراق یەک پارچە بووە تا ئێستا لە دابەشبوونی بترسین، بۆیە ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن تەنها پاساو دەهێننەوە".
بارزانی ڕاشیگەیاندووە "ئێران بەو هەژموونەی کە لە عێراق هەیەتی دەتوانێت هاوکاری نێوان هەولێر و بەغدا بکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانیان".
PM:12:02:09/09/2017