ئازاد جوندیانی هێرش دەکاتە سەر پەرلەمانتاران

ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکات پەرلەمانی كوردستان بەشێك بوە لە كێشەكان نەك چارەسەر.

ئازاد جندیانی، ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە میانی بەشداری لە دیداری مێرگەسۆر كە بە ناونیشانی (ویستی خەڵك بۆ سەربەخۆیی) بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند، ئەگەر تێڕامانی نادروست وەلابنرێت، بێگومان هیچ هاووڵاتییەكی هەرێم نابێت لەگەڵ سەربەخۆیی نەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەربەخۆیی لە قسەو دانیشتنەوە بوە بە پرۆژە، لەمەودوا پرۆژەی بە دەوڵەتبونی كوردستان دەبێت گفتوگۆی لەسەربكرێت، ئێران و توركیاش كە قسە دەكەن، نەخۆشیەكیان هەیە، كە ئەویش نەخۆشی كورد فۆبیایە، وڵات هەیە لەوە دەترسێت ئەلفێك بە كوردی بخوێنرێت.

بەبڕوای ئەو بەرپرسەی پێشووی یەكێتی، لە رابردودا پەرلەمانی كوردستان بەشێك بوە لە كێشەكان نەك چارەسەر، دەشڵێت "پەرلەمانتارەكان نوێنەری گەل نین، نوێنەری حزبەكانی خۆیانن".

دەربارەی ئەو پاساوانەشی دەهێنرێتەوە بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ئازاد جندیانی وتی "عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان هەموو مانگێك موچەی خۆی باش وەردەگرێت، دەشڵێت خەڵك برسیەتی".




PM:08:53:09/09/2017