شێوازی دانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بڵاوكرایەوە

سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان شێوازی دانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، كە وەك قەرز لای حكومەتی هەرێمە ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، بەنەقدی ئەو پارەیە نادرێتەوە فەرمانبەران.


د. عیزت سابیر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، حكومەتی هەرێم نزیكەی حەوت ملیار دۆلار قەرزی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی لایە.


ڕاشیگەیاندووە، حكومەت بەڵێنیشی داوە سەرجەم ئەو پارانەی لەمووچەی فەرمانبەران پاشەكەوتیان كردوە بیدەنەوە، بەڵام تا ئێستا وادەكەی دیاری نەكراوە.


وتیشی: "ئەو پارەیە بەنەقدی نادرێتەوە فەرمانبەران، بەڵكو پلانەكەیان بەو جۆرەیە، كە لەساڵی داهاتوودا دوای ئەوەی پاشەكەوت نەما پاكتاوی قەرزەكانی فەرمانبەران بكەن، ئەوكات لەڕێگەی باج و ڕسومات و پارەی ئاو و كارەبا و كۆی خزمەتگوزارییەكانەوە پارەی پاشەكەوت بۆ فەرمانبەران دەگەڕێندرێتەوه".


دەربارەی چۆنێتی دانەوەی پاشەكەوتی سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری ئاشكرای كرد، "بۆنمونە ڕەنگە هەر فەرمانبەرێك لەبەرامبەر ئەو پارەیەی لە مووچەكەی پاشەكەوت كراوە ساڵێك یان دوو ساڵ پارەی ئاو و كارەبای لێوەرنەگیرێ لەگەڵ باج و ڕسوماتەكانی هاتوچۆ و كۆمەڵێك باج و ڕسوماتی دیكە".



AM:10:47:10/09/2017