ئاری هەرسین: ئەمەریکا مافی ھەموو میللەتانی دونیا دەکاتە قوربانی بەرمیلێک نەوت

ئاری هەرسین، پەلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕەخنە لە سەردانەکەی مەکگۆرگ دەگرێت و  ڕایدەگەیەنێت "ئەمەریکا مافی ھەموو میللەتانی دونیا دەکاتە قوربانی بەرمیلێک نەوت".

ئاری هەرسین، لە پێگەی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە نوسینێکدا "دەبێت وانە لە ڕابردوو وەربگرین ئێمە تەجروبەی ١٩٧٥مان لە بیرەوەریدا چەسپاوە، مومکین نیە ئەو موئامەرەیە دوبارە ببێتەوە. ئەگەر دوبارە بوەوە ئەوا ئێمە دە بینە مەھزەلە".

پەرلەمانتارەکەی پارتی پێشیوایە بۆیە مەکگۆرک لە پێشدا چووە بۆ سلێمانی، لەبەر ئەوەی بە وتەی ئەو "قەناعەت پێکردنی برادەران لە سلێمانی زۆر ئاسانتر بووە ھەتا قەناعەت پێکردنی سەرۆکی کوردستان مەسعود بارزانی".

دەقی نوسینەکەی ئاری هەرسین:

ڕیفراندۆم و ھاتنی برێت مەکگۆرگ

بە گوێرەی بۆچوونی کارل مارکس: "مێژوو ئەگەر دووبارە بوەوە دەبێتە مەھزەلە”. ئەم قسەیەی مارکس ڕاستی تێدایە. چونکە مەھزەلەکە لەوێدایە کە ئەگەر دەرست لە ڕوداوی یەکەم وەر نەگرتبێت و، جارێکیتر ھەمان شتت بەسەر بێتەوە، ئەوا بێگومان مەھزەلەیە.

برێت مەکگۆر کە دیپلۆماتکارێکی دەرەجە ٤ و ٥ ی ئیدارەی ترامپە لە چەند ڕۆژی ڕابوردوو ھاتە کوردستان. لەسەر ئەم سەردانە مەترسیدارە سەرنجەکانی خۆمان لەم چەند خاڵانەی خوارەوە کورت دەکەینەوە:

ئەگەر برێت مەکگۆر بۆ قسەکردن لەسەر ڕێفراندۆم ھاتبوو، بۆ لە پێشدا لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕێفراندۆم و سەرۆک بارزانی کۆ نەبوەوە؟... دیارە لە پێشدا بۆیە چوو بۆ سلێمانی، لەبەر ئەوەی قەناعەت پێکردنی برادەران لە سلێمانی زۆر ئاسانتر بووە ھەتا قەناعەت پێکردنی سەرۆکی کوردستان مەسعود بارزانی.

ئەمەریکاو ھەموو وڵاتانی تری (بە حساب) بەھەشتی دیموکراسی، نە دڵیان بە مناڵانی نەوارەی غەززە و، نە ئافرەتانی قەندەھار و، نە خانەوادەی پاشماوەی ئەنفال لە کوردستان دەسوتێت. ئەمەریکا مافی ھەموو میللەتانی دونیا دەکاتە قوربانی بەرمیلێک نەوت. بۆیە ئەو کەسانەی پێیان وایە ئەم دیپلۆماتە نا دیپلۆماتەی کە بە قسەی برایەکی ئازیزم تەنیا بۆ ئەوە ئیش دەکات کە بە ئیدارەی ترامپ بڵێت” ئەھا ئەو موشکیلە گەورەیەم بۆ حەل کردن!، بۆ ئەوەی سی ڤی خۆی بەھێز بکات و پۆستێکی بەرزتری بدەنێ، " ... گوایە کێشەی کوردستان چارەسەر ئەکات ، ئەوا زۆر بە ھەڵەدا چوون و زۆریش ساویلکەن. بۆیە ئەگەر ئەمەریکا نیازی فرت و فێڵی نیە، با وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، یان جێگری سەرۆک کۆمار بنێرێت بۆ کوردستان.

دواخستنی ڕێفراندۆم تەنیا بە پەیماننامەیەکی نوسراو کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، ڕوسیا، ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا، کۆمکاری عەرەبیەوە ئیمزا کرا بێت مەیسەر دەبێت. بە مەرجێک وادەی ھەموو وەعدەکان بە بەروار داندرابێت و،  وەک فەلەستین نوێنەری چاودێری ھەرێمی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتواکان بچەسبێت و دیاری بکرێت. ئەوانەش ھەر ھەمویان لەسەر ئاستی سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان یان نوێنەرێکی شەعی ئەوەوە،، لەسەر ئاستی وڵاتانیش دەبێت لە ئاستی سەرۆک کۆمار، جێگرەکەی یانیش وەزیری دەرەوە قوبوڵە.

کۆبونەوەی ئەمڕۆی پاڕلەمانی کوردستان ئەگەر بۆ موئامەرەیەو لە بابەتی ئەوەی ٢٠١٥/٨/١٩ ئەوا ھیچ پێویست ناکات بکرێت. ئەگەر کرا و دەنگی تەشویشی تێدابوو، ئەوا ئێمەی کەسانی نەتەوەیی ڕێگە بەو کردەوە قێزەوەنە نادەین، با لە ئێستاوە ئەوە بزانن.

دواکەوتنی ڕێفراندۆم مانای شایلۆغانی خەڵکی ھەلپەرست نیە. چونکە سیفەتی کەسی نیشتیمان پەروەر ئەوەیە کە خۆی دەکاتە قوربانی نیشتیمانەکەی، نەک نیشتیمان بکاتە قوربانی خۆی. دواکەوتنی ڕیفراندۆم مانای خۆبەدەستەوە دان نیە.... مانای ڕشوە وەرگرتن لە مالیکی و قوبوڵ کردنی ژێردەستەیی نیە. دواخستنی ڕیفراندۆم دەبێت یەکسان بێت بە نەمانی پاشەکەوتی مووچە و سڕینەوەی ئاسەواری پەرتەوازەیی. ئێمە ھەر دەبینە دەوڵەت، ئیتر ئێستا بێت یان ساڵێکیتر ھیچ لە مەسەلە ناگۆڕێت.

ئێمە تەجروبەی ١٩٧٥ مان لە بیرەوەریا چەسپاوە. مومکین نیە ئەو موئامەرەیە دوبارە ببێتەوە. ئەگەر دوبارە بوەوە ئەوا ئێمە دە بینە مەھزەلە.




PM:05:24:15/09/2017