لە مەخمور هێرش كرایە سەر بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا

لە ناحیەی قەراجی سەر بە قەزای مەخمور، هێرشێكی خۆكوژی كرایە سەر بنكەی سەربازی ئەمریكا و هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.

كاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار چەكداری داعش هێرشێكی خۆكوژیان كردە سەر بنكەیەكی سەربازی هێزەكانی ئەمریكا لە قەزای مەخمور.

ئەمین شێخانی، فەرماندە لە سوپای عێراق بە ماڵپەڕی "ئێن ئاڕ تی" ڕاگەیاندووە "هێرشەكەی ئەو چەكدارانە بۆ سەر بنكەی موشەك هاوێژەكانی ئەمریكا بووە لە مەخمور و دووانیان پێش گەیشتن كوژراون و ئەوانی دیكەش خۆیان تەقاندووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، قسەیان لەگەڵ فەرماندەكانی ئەمریكا كردووە و بە وتەی ئەوان هێرشەكەی زیانی گیانی بۆ ئەوان نەبووە.

ئەو فەرماندەیەی سوپای عێراق ڕاشیگەیاند، پێشتر بە فەرماندەكانی ئەمریكایان وتووە كە ناوچەكە ترسی هێرشی هەیە و دەبێت ئاگاداربن.

هاوكات بەپێی زانیارییەكان ئەو چەكدارانە داعش بوون و لە حەویجەوە چوونەتە مەخمور بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە.




PM:12:12:17/09/2017