کۆبوونەوەی لیژنەی بالآی ریفراندۆم سازدەکرێت
" ریفراندۆم لەناوچە جێناکوکەکان ئەنجام نادرێت "
نیوەرۆی پێنج شەممە ٢١ ی ئەیلول لیژنەی بالآی ریفراندۆم کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە ئامادەبوونی بارزانی لە پیرمام سازدەکات.
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە بەپێی هەندێک زانیاری کە دەستی سپی کەوتووە، پارتی و یەکێتی بە دوو قۆڵی بڕیاریان داوە کە ریفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام نەدرێت، لە کۆبوونەوەی رۆژی ١٧ ی ئەیلولی لیژنەی بالآی ریفراندۆمیشدا کە پێشتر یەکێتی و پارتی پێکەوە کۆبوونەوەیان کردبوو، ئاراستەی گفتوگۆکانیان بەو شێوەیە بوو بردبوو کە لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام نەدرێت، دوێنێ ئێوارە ٢٠ ی ئەیلولیش مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەجیاو بەرپرسانی پارتی بەجیا، سەرقاڵی گفتوگۆبوون لەسەر ئەوەی کە ریفراندۆم لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمیش ئەنجام نەدرێت، لەکۆبوونەوەی بەیانی لیژنەی بالآی ریفراندۆمدا ئەو پرسەش یەکلایی دەکرێتەوە.
لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی ٢١ لیژنەی بالآی ریفراندۆم و ئەو پەیوندیانەی لە ولآتانی هاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پێیانەوە دەکرێت، ئەو پرسە بەتەواوی یەکلایی دەکرێتەوەو، لەبەر رۆشنایی ئەو بڕیارەش وەفدی کوردی دەنێردرێت بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عەبادی.
شەوی رابردوو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پێنج شەممە ٢١ی ئەیلول کۆبوونەوەی لیژنەی بالآی ریفراندۆم سازدەکرێت.
PM:11:33:20/09/2017