جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" دواین پەیامی بانگەشەی خۆی ڕاگەیاند و وتەبێژی جوڵانەوەکەش دەڵێت "مەترسی ئەوە هەیە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە کەرکوک لەدەستی هەرێم دەربچێت".
جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" دواین پەیام لەمڕۆدا کە دواین ڕۆژی بانگەشەی ڕیفراندۆمە دایە هەوادار و لایەنگرانی و شاسوار عەبولواحید، سەرۆکی قەوارەکە لە پەیامێکدا داوا لەخەڵکی کوردستان دەکات بەشداری دەنگدان بکەن و دەنگ بە نەخێر بدەن.
هاوکات ڕابوون مەعروف، وتەبێژی قەوارەی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند "ڕیفراندۆم پرۆژەی یەک کەسە و لە ئایندەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە بریاری لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم داوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەنگدانی خەڵک بە "نەخێر" لە ریفراندۆمی ٢٥ ی ئەیلولدا بەرەنگاربوونەوەی پاوانخوازی ٢٦ ساڵەی دەسەڵاتدانی کوردستان دەبنەوە و ئەوانەش کە دەنگ بە "بەڵێ" دەدەن، دەبنە هۆی دڕیژە کێشانی ستەمکاری لە هەرێمی کوردستاندا.
وتیشی، ئەگەر پرۆژەی ڕیفراندۆم پرۆژەیەکی نیشتمانی بوایە ئێستا خەڵک پرسیاری نەدەکرد لەبارەی ئەوەی ئایا ڕیفراندۆم دەکرێت یان نا؟ ئەمە نیشانەی ئەوەیە ڕیفراندۆم پرۆژەیەکی کەسییە، ئەو کەسەش بەپێی بەرژەوەندی خۆی بڕیار دەدات.
ڕابوون مەعروف ئەوەشی وت، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەبێ بوونی ئەجێندا دوای بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کەوتوون و بەشێک لە لایەنەکانی دیکەش ڕێگەی بێهەڵوێستیان هەڵبژاردووە لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا.
ڕۆژی ٨ی ئابی ٢٠١٧ جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم بە فەرمی ڕاگەیەندرا و داوایکرد هاوڵاتیان لە ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ دا بە نەخێر دەنگ بدەن.