عەبادی: دەسەڵات بەسەر هەرێم و ناوچەكانی تردا دەسەپێنين

سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم هاوسەنگی نێوان هاوبەشەكانی دەسەڵاتی گۆڕیوە دەشڵێت "لەڕێگەی هێزی دەستورەوە دەسەڵات بەسەر هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا دەسەپێنین".

ئەمڕۆ چوار شەممە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای ئەوەی لەگەڵ ڕاوێژكاری نیشتیمانی و سێ وەزیری دیاری حكومەتەكەی بەشداریان لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا كرد بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، عەبادی دووپاتیكردەوە كە ڕێگە نادەن بە پێشێلكردن و تێپەڕاندن بەسەر دەستوردا و پێشتر هۆشدارییان داوە لە كاریگەرییەكانی ڕیفراندۆم لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا عەبادی وتی "دەبینن كە چۆن لەڕێگەی هێزی دەستورەوە دەسەڵات بەسەر هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا دەسەپێنن، بە تایبەت ئەو ناوچانەی كە لە دوای هانی داعشەوە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە كۆنترۆڵكراوە".

عەبادی لە پەرلەمانی عێراقەوە جەختیكردەوە، كە ڕۆژی هەینی دوا وادەیە بۆ ڕادەستكردنەوەی فڕۆكەخانەكان بە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی، داواشی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان كرد ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە هەڵوەشێننەوە.

 ئەوە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ هەریەكە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و فالح فەیاز، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی و وەزیری بەرگری و دارایی و ناوخۆ و نەوت و سەرۆك ئەركانی سوپا چوونە پەرلەمانی عێراق بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق كە تایبەت كراوە بە تاوتوێكردنی پرسی ڕیفراندۆمی هەرێم .





PM:02:40:27/09/2017