ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجام دەدات

ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم ڕایدەگەیەنێت، سبەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم كۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەش تایبەت دەبێت بە ڕەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستان،دەشڵێت" ژمارەیەك وڵاتی جیھان دەستپێشخەرییان ھەیە بۆ نێوەندگیریی ھەرێمی كوردستان و بەغدا".

ماجد بازرگان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، سبەی یەكشەممە ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم كۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەش تایبەت دەبێت بە ڕەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستان و دەركردنی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق دژی خەڵكی ھەرێمی كوردستان و وەڵامی پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ حكوومەت و پەرلەمانی عێراق، چونكە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان سزای بەكۆمەلی خەڵكی كوردستانە و سبەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم بە وردی دانوستان لەبارەی ئەو پرسەوە دەكات.''

ئاماژەیشی دا، ژمارەیەك وڵاتی جیھان دەستپێشخەرییان ھەیە بۆ نێوەندگیریی ھەرێمی كوردستان و بەغدا و ھەڵوێستی ھەندێ وڵاتمان بینیوە، لەبەر ئەوەش لە كۆبوونەوەی سبەیدا قسە لەسەر ئەو پرسە دەكرێت، بێگومان ئێمە لە قۆناغی دوای ڕیفڕاندۆمداین، ئەویش قۆناغی دانوستانە، ھەر نێوەندگیری و دەستپێشخەرییەك ھەبێت لە لایەن بەغدا، یان ھەر وڵاتێكی دیكەی جیھانەوە، پێشوازیی لێ دەكەین، چونكە ئێمە تا ئێستا ڕژدین لەسەر ئەوەی كێشەكانمان لەگەل بەغدا بە دانوستان چارەسەر بكەین.''




PM:08:14:30/09/2017