مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ورده‌كاری رێوره‌سمی پێشوازی و به‌خاك سپاردنی مام جه‌لال-ی راگه‌یاند.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی " ته‌رمی مام جه‌لال، پێش نیوه‌ڕۆی هه‌ینی ده‌گاته فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، به‌پێی پرۆتۆكۆڵی پێشوازی له سه‌رۆك، به‌رنامه‌ی ره‌سمی و جه‌ماوه‌ری و سیاسی، له‌فڕۆكه‌خانه، مه‌راسیمه‌كه ده‌ستپێده‌كات.
هه‌روه‌ها كه‌ژاوه‌ی شكۆمه‌ندیی سه‌رۆك، بۆ دوا نوێژی به‌ره‌و دیوانی خودا به‌ڕێكردن، به‌ره‌و مزگه‌وتی گه‌وره، به‌ڕێده‌كرێت.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، له‌مزگه‌وتی گه‌وره‌وه، ته‌رمی مام جه‌لال، به‌ره‌و دوائارامگای ژیانی، له ده‌باشان، كه هه‌وارگه‌ی دڵگیری خۆی بوو به‌ڕێده‌كرێت، به‌ئاماده‌بونی میوانانی مام جه‌لال و جه‌ماوه‌ری خه‌مبار، دوا دیداری دڵسۆزانی مام و گه‌له‌كه‌مان، ئه‌نجامده‌درێ.
یه‌كه‌م رۆژی پرسه‌ی مام جه‌لال، رۆژی شه‌ممه (7/10/2017) سه‌عات 1/ی پاشنیوه‌ڕۆ، له‌یاریگای سیروانی نوێ كه ده‌كه‌وێته دووڕیانی سه‌رچنارو به‌رامبه‌ر هۆڵی هونه‌ر. هه‌روه‌ها، هاوكات له (11) شاری تری كوردستان (هه‌ولێر، كه‌ركوك، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه، زاخۆ، رانیه، كۆیه، كه‌لار، سۆران، چه‌مچه‌ماڵ و خانه‌قین) مه‌راسیمی تازیه ئه‌نجامده‌درێ.