فراكسیۆنی پارتی لەبارەی گەڕانەوە بۆ بەغدا دوا بڕیاریدا

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایدەكات، تاكو حكومەت و پەرلەمانی عێراق  بەو بڕیارانەدا نەچنەوە کە لە دژی هەرێمی كوردستان داویانە وەک فراکسیۆنی پارتی ناگەڕێنەوە بەغدا.


ڕێناس جانۆ، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاری نەگەڕانەوەیان بۆ بەغدا لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی فراكسیۆنەكەیان دراوە و دەشڵێت "هەر دانوستانێك لەگەڵ بەغدا دەبێت بەبێ هیچ مەرجێك بێت بەتایبەت ئەو مەرجەی، كە دەڵێن ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنرێتەوە".


ئاشكراشیكرد، وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی كورد یاسایی نییە‌ و ئێمە بایكۆتی دانیشتەكانی پەرلەمانی عێراقمان كردووە، داواشی لە پەرلەمانی عێراق كرد "بڕیاری سزادانی خەڵكی كوردستان هەڵوەشێنیـَتەوە و گفتوگۆ بە چارەسەری كێشەكان دەزانین".

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ڕونیشیكردەوە، لە دۆخی ئێستادا ناگەڕێنەوە بەغداد تا بگەنە ئەو ڕێگاچارەی، كە دیالۆگی تێدا ئەكتیڤ بكرێت، وتیشی، "تاكو ئەوان بەردەوام بن لەو سیاسەتانە هیچ هۆكارێكمان نییە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا".

جەختیشی كردەوە، لە ئێستادا هەموو فراكسیۆنەكان لەسەر ئەوە كۆكن، كە كوردستان بڕیارێكی چارەنوسسازی داوە و ڕێژەی زۆری پەرلەمانتارانی كورد لەگەڵ ڕیفراندۆم بوون".




PM:05:10:10/10/2017