گۆڕان داوای پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی دەکات

بزووتنەوەى گۆڕان لە ڕاگەیاندراوێکدا داواى هەڵوەشاندنەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و دامودەزگاکانى دەکات، ڕاشیدەگەیەنێت "بەرپرسیارێتی خستنە مەترسیى ژیانی هاووڵاتیان لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە خوێن و فرمێسکی گەلەکەمانیان بۆ بەرژەوەندی کەسی و حیزبی بەکارهێنا".


گۆڕان داواش لە حکومەتى عێراق دەکات دەستبەجێ شەڕ  لە دژى خاک و خەڵکى کوردستان ڕابگرن و لەو شوێنانە بکشێنەوە کە کۆنتڕۆڵیان کردوون، چونکە ناکرێ ئەنجامدانی ریفراندۆم بکرێتە پاساو بۆ پێشێلکرنی دەسکەوت ‌و مافە نیشتمانی‌ و نەتەوەییەکانمان.

لە بەیاننامەکەی گۆڕاندا ئەوەش هاتووە "لە ئێستادا، بەهۆی ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە بێ بەرنامەیەی پارتی‌ و یەکێتی ‌و هاوڕاکانیان لەم هەلومەرجە نەگونجاوەدا، هیچ کاتێک خەڵکی کوردستان ‌و دەسکەوتەکانمان‌و دواڕۆژی گەلەکەمان هێندەی ئێستا لە بەردەم مەترسی ‌و هەڕەشەی ترسناک‌ و نادیاردا نەبوە".

بزوتنەوەى گۆڕان ڕاشیگەیاندووە "هەمو ئەوانەش لە ئەنجامی سیاسەتی شکستخواردو و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارانی کوردستانە. لە ئێستادا نەک تەنها ژیان ‌و ئاسایشی هاوڵاتیان‌، بەڵکو هەمو دەسکەوتەکانمان و ئەزمونی حوکمڕانی لەبەردەم ئاڵنگاری گەورەدان. بەرپرسیارێتی ئەو ئەگەرانەش لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە خوێن و فرمێسکی گەلەکەمانیان بۆ بەرژەوەندی کەسی‌و حیزبی بەکارهێنا".

بزووتنەوەى گۆڕان لە ڕاگەیاندراوەکەیدا داوایکردووە:

- کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەم شەڕە وێرانکارییە رابگرن ‌و رێگە نەدەن حکومەتی عیراق ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیان بخاتە مەترسییەوە.

هەروەها داوا لە حکومەتی بەغدا دەکەین دەسبەجێ پەلامارەکانیان بۆ سەر خاک ‌و هاوڵاتیانی کوردستان رابگرن ‌و لەو شوێنانە بکشێنەوە کە کۆنتڕۆڵیان کردوەو گفتوگۆ بکەنە بەدیلی شەڕو خوێنڕشتن. ناکرێ ئەنجامدانی ریفراندۆم بکرێتە پاساو بۆ پێشێلکرنی دەسکەوت ‌و مافە نیشتمانی‌ و نەتەوەییەکانمان‌. لەو پێناوەشدا بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیە بە ئەرکی نیشتمانی خۆی هەستێ بۆ گفتوگۆ لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان.

- هەمو هێزو کەسایەتی‌و لایەنە سیاسییە نیشتمانییەکانی کوردستان‌و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە ئەرکو بەرپرسیاریێتی نیشتمانی خۆیان هەستن‌و نەخشەیەکی گشتگیر بۆ دەربازکردنی گەلەکەمان دارێژین‌و هەنگاوی کرداری بنێین بۆ دەرچون لەم قەیرانە ترسناکە. نابێ لەژێر هیچ فشارێکدا دەسبەرداری مافە دەستوریییەکانمان‌و ئەو دەسکەوتانە بین، کە بە خوێنی رۆڵەکانی گەلەکەمان بەدەستهاتون.

-  هەمو دامودەزگاکانی دەسەڵات‌و حوکمڕانی هەڵبوەشێتەوەو لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی تەندروست دابڕێژرێنەوەو دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوانەی بەرپرسن لەوەی ئەم رۆژەیان بەسەر گەلەکەماندا هێنا دەستلەکاربکێشنەوە، وەک چۆن خۆیان لە راگەیاندنەکاندا دەیانوت ئەنجامی خراپی ریفراندۆم لە ئەستۆ دەگرن. هەروەها داوا دەکەین حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی کاتی دابمەزرێ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەردی گشتی.




PM:03:46:16/10/2017