خۆپیشاندان لە سلێمانی دەستی پێكرد

لە شاری سلێمانی خۆپیشاندان لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەستی پێكرد و ئاوارەكانی خوورماتوو و كەركوك و هاوڵاتیانی سلێمانی لەو خۆپیشاندانە بەشدارن.

كەمێك لەمەوبەر لەبەردەم بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی گردبوونەوەیەكی جەماوەری لەلایەن ئاوارەكانی خورماتوو و كەركوكەوە دەستی پێكرد و هاوڵاتیانی سلێمانیش لەو گردبوونەوەیە بەشدارن.

ئاوارەكانی خورماتوو لەو خۆپیشاندانەدا داوا دەكەن بەرپرسانی یەكێتی بە هانای ئەو هاوڵاتیانەی خورماتووەوە بچن كە كەوتوونەتە دەست حەشدی شەعبی و تەرمی شەهیدەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

هاوڵاتیەك لەناو خۆپیشاندانەكەوە ئەوەی ئاشكراكرد ئاڵۆزیەكانی خوورماتوو تا ئێستا بەردەوامە و "بێڕێزیەكی زۆر بە هاوڵاتیانی كورد دەكرێت و تەرمی شەهیدەكانمان بەناو شاردا ڕادەكێشرێت و ماڵ و دووكانەكانمان دەسووتێندرێت".

لەگەڵ ئەوەی نزیكەی كاتژمێرێكە خۆپیشاندانەكە بەردەوامە تائێستا هیچ بەرپرسێكی یەكێتی نەهاتووە بەدەم داواكاری خۆپیشاندەرانەوە و پێشوازی لێنەكردوون.



AM:11:52:18/10/2017