ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەزگای سەرۆکایەتی ھەرێم دەکات و دەڵێت "پێویستە سیستەمەکە بکرێتە پەرلەمانی و دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ حکومەت و پەرلەمان بگێردرێنەوە".
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە وتارێکیدا دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە پێویستە پەرلەمان بە ئامادەبوونی ھەموو لایەنەکان کاراو کاریگەر بکرێت و تا ھەڵبژاردن حکومەتێکی نیشتمانی لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان پێکبھێندرێت و بەرێوەبردنی تەواوی کاروبارە ئیداری و سیاسیەکانی وڵات بەڕێوە ببات.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە پێویستە حکومەت بەتەنیا ھەوڵی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر بدات و گەشە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا بداتەوە.
ئارێز عەبدوڵا دووپاتیدەکاتەوە کە "ئەگەر ئەم ھەنگاوانە بەزووی نەندرێن و قەیرانە سیاسی و یاساییەکانی کوردستان تێنەپەرینین ئەوا لانی کەم قەیرانێکی ئابوری چاوەڕوانکراو وڵاتەکە ھەڵدەتەکێنێت".
دەشڵێت "تا کار لەکار نەترازاوە پێویستە لەسەر بنەمای دابەشکردنی ئەرک و ماف و بەھێزکردنی دامودەزگا نیشتیمانیەکان ناوماڵی خۆمان رێکبخەینەوە و یەکڕیزی و یەک ھەڵوێستی دروستبکەینەوە نەک لەسەر بنەمای خۆسەپاندن و دروستکردنی کێشەی تر لە پێناوی مانەوە و درێژەدان بەو واقیعە نالەبارەی کە نەک ھەر زیانی بە کۆمەڵانی خەڵک گەیاندووە، بەڵکو بەدڵنیاییەوە کورسی لەرزۆکی دەسەڵاتیشی ڕزاندوە".