ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەر لەکارێکی نایاسای کۆمپانیایەک دەگرن

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رێگگرتن لەکارێکی نایاسایی کە خەریک بووە بۆ کۆمپانیایەکی پاککردنەوە بکرێت، راگەیاند.

رێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیستی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ سپی، رایگەیاند" ماوەی پێشو ھەمو خاوەن ویژدانێکی زیندومان ئـاگادارکردەوە لەھەوڵێکی نایاسایی بۆ ئـاسانکاریکردن و گونجاندنی تەندەرێک بۆ کۆمپانیایەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی سلێمانی کەبریتیە لەکۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە زۆنی ٣ ی سلێمانی و بڕەکەی ٤٤ ملیار دینارە، بەمەرجێک ھێشتا کۆمپانیاکە دەستبەکارنەبووە کەچی خەریکبوو بڕگە بنەڕەتیەکانی تەندەرەکە کەھۆکاربووە بۆئـەوەی کارەکەی پێبسپێردرێت بۆی ئـاسان و دەستکاریبکرێت،  بێگومان بەوجۆرەی کەکۆمپانیاکە دەیخوازێت نەک لەبەرژەوەندی گشتی!".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا وتی " ھەرچەند ئـەوکات بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی (پێشوو) ھەڕەشەی سکاڵای یاسایی لەئـێمە کرد (بەخۆشحاڵیەوە چاوەڕێی سکاڵاکەیم کرد)  و وای خەڵک تێگەیاند کەبابەتەکە پەیوەندی بەجیاوازی حزبی و سیاسیەوە ھەیە، کەچی بەڕێزیان نەک سکاڵای نەکرد بگرە داوای خانەنشینی و سەفەری کیشوەرێکی دورتری کرد (کە لە خودی مۆڵەتەکەی نایاسایی گەورەی بۆخۆی کردووە و زۆۆر جیاوازە لەمۆڵەتی فەرمانبەری ئـاسایی و بانگەشەکانی بەردەم کامێرای) بەداخەوەم کەئـەوکات بۆ ماوەیەک قەناعەتی بە ژمارەیەک ھاوڕێ و حزبەکەشی کرد کەبابەتەکە جیاوازی سیاسیە، تەنانەت ڕێوڕەسمێکی موزەیەفی لەچەمچەماڵ وەک چاوبەست کرد و بەخەڵکی وت سەیرکەن لەم قەیرانەیا چ دەستکەوتێکمان بۆبەدیھێنان!! بەڵام خۆشبەختانە وا ئـێستا ڕەوایی دەنگھەڵبڕینەکانی ئـێمەو پێچەوانەی تۆمەتەکان سەلما".

رێکەوت زەکی دەڵێت "دوای دەستبەکاربونی بەڕێزێکی دیکە بۆڕاپەڕاندنی کارەکەنی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانی ( کەکاندیدی ھەمان حزبی بەڕێوەبەری پێشووە) و بینینی ئـەسڵی حاڵەتەکە وەک خۆی و نایاسایی ھەوڵەکان و نائـامادەیی کۆمپانیاکەو داواکەی کەپێچەوانەی بەڵێننامەکەی خۆیەتی (ھەرچەندە بەڕێوەبەری گشتی پێشوو لەدورەوە بەتەلەفۆن لەگەڵ زۆرکەس و ھاوڕێیانی ھەولێر لەسەر خەت بوو!) دەرکەوت کەبابەتەکە قابیلی چاوپۆشی نییە".

ناوبراو دەڵێت لەئـەنجامدا  ھەوڵ و ھەنگاوەکانی ئـێمە سەریگرت و نوسراوی ھەڵوەشاندنەوەی کارەکەی  لەسلێمانیەوە بۆکراو  چاوەڕوانی فەرمانی وەزارین، تاڕادەیەکیش دڵنیام بەڕێز وەزیری شارەوانی تێگەشتنی بۆ کەیسەکە و مەرامە تایبەتەکانیش ھەیە، سوپاس بۆ بەڕێز سەرۆکی ئـەنجومەنی پارێزگا کەلەسەرەتاوە لەگەڵمان بوو، سوپاس بۆ سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و ئـەندامە بەڕێزەکانی لیژنەکە بۆ پشتیوانیمان، سوپاس بۆ کەناڵەکانی میدیا کەھاوکاربون لەگەڵمان، سوپاس بۆ ھەموو ئـەو کەسە دڵسۆزانەی کەنایانەوێت ناویان بێنین و وەک سەربازی ون بەتەنگ جێبەجێکردنی عەدالەت و ڕێگری لەمەرامە تایبەتەکانەوە بون...تا ھەوڵ و ئـەنجامێکی دیکە ئـێوەش شادو سەربەرزو سەرکەوتوبن".




PM:05:13:23/10/2017