سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڵوێستی خۆی لەسەر روداوەكانی شەوی رابردووی هەرێم راگەیاند و دەڵێـت "پێویستە هێزە سیاسییەكان لە هەولێر و دهۆك پابەندی یاسابن".
ئەمڕۆ دووشەممە نوسینگەی حەیدەر عەبادی، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە "عەبادی بەچڕی چاودێری رووداوەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، لەهێرشكردنە سەر بارەگای حزب و رۆژنامەنوسان و هەوڵدان بۆ دروستكردنی فەوزا لەهەولێر و دهۆك كە كارێكە زیان بە هاوڵاتیانی هەرێم و دۆخەكە دەگەیەنێت".
ئاماژە بەوەش دەكات، پێویستە هێزە سیاسییەكان لە هەولێر و دهۆك پابەندی یاسابن و ئارامی دۆخەكە بپارێزن.
لە ڕاگەیاندراوەدا ئەوەش هاتووە، حكومەتی فیدراڵی سورە لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق و كاركردن لەپێناو هاوڵاتیان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان.
شەوی رابردوو لەكاتێكدا پەرلەمان سەرقاڵی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بوو، ژمارەیەك هاوڵاتی هێرشیان كردە سەر پەرلەمان و رۆژنامەنوسان و دواتریش بارەگاكانی یەكێتی و گۆڕان لەزاخۆ سوتێنران.