بۆ یەكەمین جار دوای زیاتر لە دوو ساڵ نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتە ٦١ دۆلار و بیست و چوار سەنت.
نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لە ئێستادا بەرمیلێك نەوتی برێنت لەسەر و ٦١ دۆلارەوەیە كە ئەوەش بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە ناوەراستی ساڵی ٢٠١٥ ەوە تا ئێستا، هەروەها بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكا لە بازارەكاندا گەیشتووەتە ٥٤ دۆلار و ٦٦ سەنت.
بەرزبونەوەی نرخی نەوت پەیوەستە بە كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و پابەندبوونی وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.
سەرەڕای ئەوە كەمبوونەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەدوای روداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە و سەرەڕای ئەوەی لەدوێنێوە بەشێك هەناردەی نەوتی كەركوك ڕاگیراوە كاریگەری هەیە لەسەر بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا.