حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت چه‌ند جارێك ئاماده‌یی بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور نیشانداوه، به‌ڵام هه‌موو جارێك وه‌ڵامی به‌غدا نه‌رێنی بووه.
لەپاش وتەكانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كە وتبووی هەولێر لە و رێكەوتنە پاشگەز بووتەوە لەنێوان شاندێكی سوپای عێراق‌و پێشمەرگەدا ئەنجام دراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: "هیچ رێككه‌وتنێك له نێوانمادا واژۆنه‌كراوه، ته‌نیا ره‌شنووسێكی رێككه‌وتن له‌لایه‌ن شاندی سه‌ربازیی حكومه‌تی عێراقه‌وه پێشكه‌ش كراوه و له رۆژی دواتری كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو شاندی حكوومه‌ت و هه‌رێمی كوردستانیشدا، ره‌شنووسێكی جیا له‌وه‌ی یه‌كه‌م كه شاندی سه‌ربازی پێشكه‌شی كردبوو، نێردراوه و وه‌ڵامیشمان بۆ هه‌ردوو ره‌شنووسه‌كه هه‌بووە".
دەقی راگەیەنراوەكە:
رۆژی چوارشه‌ممه به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له لێدوانێكدا رایگه‌یاند، هه‌ولێر له‌و رێككه‌وتنه پاشگه‌زبووه‌ته‌وه كه له نێوان شاندێكی سوپای عێراق و وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌دا ئه‌نجامدراوه.
لێره‌دا رایده‌گه‌یه‌نین كه هیچ رێككه‌وتنێك له نێوانمادا واژۆ نه‌كراوه، ته‌نیا ره‌شنووسێكی رێككه‌وتن له‌لایه‌ن شاندی سه‌ربازیی حكومه‌تی عێراقه‌وه پێشكه‌ش كراوه و له رۆژی دواتری كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو شاندی حكومه‌ت و هه‌رێمی كوردستانیشدا، ره‌شنووسێكی جیا له‌وه‌ی یه‌كه‌م كه شاندی سه‌ربازی پێشكه‌شی كردبوو، نێردراوه و وه‌ڵامیشمان بۆ هه‌ردوو ره‌شنووسه‌كه هه‌بووه. ئێمه چه‌ند جارێك ئاماده‌یی خۆمان بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور نیشانداوه، به‌ڵام هه‌موو جارێك وه‌ڵامی به‌غدا نه‌رێنی بووه.
ئاراسته‌كردنی ره‌وشی ئێستا بۆ شه‌ڕ، له‌وانه‌یه ببێته هۆی كاره‌ساتێكی گه‌وره بۆ عێراقییه‌كان به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه.
له سۆنگه‌ی باوه‌ڕبوونمان به مافه‌كانمان هه‌روه‌ك له ده‌ستووری عێراقیدا هاتووه، ئێمه له‌گه‌ڵ ئاشتین و بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتنێكی گشتیش، داوای گفتوگۆیه‌كی بونیاتنه‌ر و راشكاوانه ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی پاشه‌ڕۆژێكی پارێزراو بۆ نه‌وه‌كانی گه‌لی عێراق. داوا له مه‌رجه‌عه گه‌وره‌كان و ته‌واوی پارته عێراقییه‌كان و رێكخراوه سیڤیله‌كان و هه‌موو ئه‌و هێزانه ده‌كه‌ین كه باوه‌ڕیان به ده‌ستوور و ئاسایش و ئاشتی هه‌یه، دژی هه‌موو هه‌وڵێك بوه‌ستنه‌وه كه ده‌بنه هۆی دروستكرنی فیتنه له‌نێوان هه‌ردوو گه‌لی كورد و عه‌ره‌ب، رێگری له‌وه‌ش بكه‌ن به تووندوتیژی و شه‌ڕ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
1/11/2017
AM:09:20:02/11/2017