كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم و پارێزگاكان لەبارەی موچەوە كۆتاییهات

كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم و پارێزگاكان لەبارەی موچەوە كۆتاییهات و حكومەت ڕایدەگەیەنێت "ئەوەی دەوترێت لە پرۆپاگەندەیەكی سیاسی زیاتر نییە و ئەو بەشەی لەبودجەش دیاریكراوە بەشی تەنانەت یەك پارێزگا ناكات".

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی حكومەت دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردۆتەوە تیایدا هاتووە "داكۆكی لەوەكرایەوە یەكڕیزی و هاوكاریی پارێزگاكان و ئەنجومەنەكانیان لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندارەكانی حكوومەت و وەزارەتەكان، تاقە ڕێگەی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی ئێستای هەرێمی كوردستانە".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە لەكۆبونەوەكەدا جەختكراوەتەوە، "سیاسەتی حكومەتی عیراقی فیدراڵ بەڕوونی دیارە كە مەبەست لێی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستانەو نابێت بڕیارە نادەستوورییەكانی حكومەتی عیراقی فیدراڵ، كاریگەری لەپارێزگاكان و ئەنجومەنەكانیان بكات و ئەو بڕیارانەو ئەو جۆرە مامەڵەیەی ئەمڕۆ حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، نابێت ببێتە هۆی لێكترازان و دروستكردنی كێشە لە نێوان پارێزگاكان و حكومەتی هەرێم".

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە دۆخی ئەمڕۆی موچەخۆرانی هەرێم و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچە و شایستە داراییەكانیان تاوتوێ كراوە و جەخت لەوەكرایەوە"ئەوەی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لەبارەی دابینكردنی موچەی پارێزگاكانەوە دەیڵێت، لە پرۆپاگەندەیەكی سیاسی زیاتر نییە و باشترین بەڵگەش ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2018ی عیراقە كە ئەو بەشەی لە بودجە بۆ هەرێمی كوردستانی دیاری كردووە، بەشی تەنانەت یەك پارێزگای هەرێمی كوردستانیش ناكات و بەم سیاسەتە حكوومەتی عێراق دەیەوێ دووبەرەكی لەنێوان پارێزگاكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دروست بكات".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 5ی تشرینی دووەمی 2017، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ پارێزگاران و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئیدارە ناوچەییەكانی هەرێم كۆبووەوە.






PM:03:05:05/11/2017