ئاری هەرسین فراكسیۆنە نوێیەكەی ڕاگەیاند

ئاری هەرسین، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی فراكسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند و دەڵێت، "هیچ پەیوەندییەكی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نەماوە".

ئەمڕۆ لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا، ئاری هەرسین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ ڕاگەیاندنەكان ئاماژەی بەوەدا بۆ ڕاگەیاندنی ئەم فراكسیۆنە بنەماڵەی بارزانی ئاگاداركردووەتەوە و لەگەڵ فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیدا كۆبووەتەوە و ئەوان ڕێز لە بڕیارەكەی دەگرن، وتی "ئەوەی كردوومانە خۆجیاكردنەوەیە لە فراكسیۆنی پارتی، هۆكاری دروستبوونی ئەمەش ئەوەیە تائێستا حزبەكانی هەرێمی كوردستان پێیان شەرمە بەرگری لە كورد بكەن بۆ ئەوەی وەك كەسێكی شۆڤێنی نەناسێندرێن، بەڵام من نامەوێت جگە لە كورد ببمە پارێزەری كەسی دیكە، بۆیە ئەم فراكسیۆنە تەنها جەخت لە مافەكانی تاكەكانی كورد دەكاتەوە".

وتیشی "لە ئێستادا تەنها خۆی ئەندامی فراكسیۆنەكەیە و داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش دەكات وەك فراكسیۆنێك بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بكات.

ئاری هەرسین وتیشی "ئەمە سیاسەتكردنە لەچوارچێوەی نەتەوەییدا بۆ ماوەی دوو وەرزی كاركردنی پەرلەمان و ئەگەر زانیمان سودی دەبێت بۆ كورد، ئەوا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەتوانین فۆرمێكی بدەینێ لە چوارچێوەی حزبێكدا".




PM:12:34:07/11/2017