ئاسایشی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ئەو هاوڵاتییە عەرەبانە بە رێزەوە لە شاری هەولێر ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێدەکەن".


لە روونکردنەوەکەی ئاسایشی هەولێر کە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە ئاماژەی بەوەدراوە "هەندێک لە ئاوارەکانی کەرکوک لە شاری ئاشتیی دوو نیشتەجێکراون، ئەوەش بەرێککەوتن بووە لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیای شاری ئاشتی و پارێزگاری هەولێر، کە ژمارەیەک لەو خانووانە چۆڵبکرێت و بدرێت بە ئاوارەکانی کەرکوک".

تەئکیدی لەوەش کردووەتەوە، هیچ ماڵە ئاوارەیەکی عەرەب لە شاری هەولێر رووبەرووی هیچ گرفتێک نەبووەتەوە و دەڵێت، "ئەو خانووانەی نوسینیان لەسەر کراوە، هێشتا موڵکی کۆمپانیاکەن و بەکەس نەفرۆشراون".

ئەم روونکردنەوەی ئاسایشی هەولێر دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە دێت کەباسیان لەوە کرد، ئاسایشی هەولێر ئاوارە عەرەبەکانی لە شاری هەولێر دەرکردووە و ئاوارە کوردەکانی شاری کەرکوکی لە شوێنیان نیشتەجێکردووە.




PM:06:25:07/11/2017