وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی فیدرالی هەرێمەوە هاتە دەنگ

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەو دەستكەوتانەی بە هەرێم درابوو هیچ هەرێمێكی فیدراڵ لە جیهاندا نەیبوو، دەشڵێت "لە هەرێمی كوردستان ئاڵای عێراق سوتێنرا و ئاڵای وڵاتێكی تر بەرزكرایەوە".

ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتا قەتەرییەكەی لە دەوحەوە رایگەیاند، لە هەرێمی كوردستان ئاڵای عێراق سوتێنرا و ئاڵای وڵاتێكی تر بەرزكرایەوە (لە ئاماژەیەكیدا بۆ بەرزكردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل)، دەشڵێت "ئەوەی كراوە پاڵنەرێكی تائیفی یان نەتەوەیی لەپشتەوە نییە، بەڵكو كارێكی یاسایی و دەستووری بووە".

لەبارەی فیدرالی هەرێمی كوردستانیشەوە جەعفەری ڕایگەیاند "ئەو دەستكەوتانەی بە هەرێم درابوو هیچ هەرێمێكی فیدراڵ لە جیهاندا نەیبوو"

سەبارەت بە قەتەریش، رایگەیاند، عێراق لەپێشوودا پاڵپشتی قەتەر بووە، بۆیە هیوادارن قەتەریش پاڵپشتی عێراق بێت.

لە ٢٥ی مانگی ئەیلول ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم ڕایانگەیاند، ئەنجامی ریفراندۆمەكە بۆ سەربەخۆیی نییە و تەنها كارتێكە بۆ دەستخستنی زیاتری مافەكانی كورد، بەڵام حكومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەكانی جیهان دژی وەستانەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكەیان كرد.

دواتر و لە ١٦ی مانگی رابردوو، حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان كۆنترۆڵی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و بەشێك لە ناوچە سنورییەكانیان كرد، حكومەتی هەرێمیش ئەنجامی ریفراندۆمی سڕكرد.




PM:03:03:08/11/2017