وەزارەتی دارایی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی سەبارەت بە ژمارەی خانەنشینانو میراتگرانی خانەنشین لەهەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە.
دەقەكەی بخوێنەرەوە:
ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، سەبارەت بە لێدوانی پەرلەمانتاری عێراقی فیدراڵ، بەڕێز (ئەحمەد حاجی ڕەشید)، لەسەر ژمارەی خانەنشینان و میراتگری خانەنشینان لە هەرێمی كوردستان.
ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین ڕوونیدەكەینەوە؛ بە پێی ئاماری بایۆمەتری (244.000) دوو سەد و چل و چوار هەزار خانەنشین، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن لە هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتوون لە خانەنشینانی ( فەرمانبەرانی شارستانی، پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ، كارمەندانی دەزگای گشتی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش، خانەنشیانی پێشمەرگە، كەم ئەندامی سەنگەر ) كە لەسەر بنەمای ماددەكانی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ( ژمارە 27 ساڵی 2006 )ـی هەمواركراو، یاسای ڕاژەی زانكۆیی ( ژمارە 23 ساڵی 2008 )، یاسای مووچەی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی ( ژمارە 27 ساڵی 2008 )، وە یاسای ڕاژە و خانەنشینی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ( ژمارە 18 ساڵی 2011)، یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ( ژمارە 38 ساڵی 2007 ) یاسای كەم ئەندامانی پێشمەرگەی سەنگەری ( ژمارە 34 ساڵی 2007 )، كە بە پێی یاسا ئاماژە پێكراوەكانی سەرەوە و ڕێنماییە كارپێكراوەكان خانەنشین كراون.
لە هەمان كات دا لێژنەیەكی تایبەتمەند پێكهێنراوە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ بە دواداچوون لە مووچەی ئەو خانەنشینانەی كە بنەمای یاساكانی سەرەوە نایانگرێتەوە، لەگەڵ ڕەچاوكردنی پێَگەی ئەو كەسانەی كە بە شێوازێكی تایبەت ڕۆڵیان هەبووە لە شۆڕشەكانی ڕزگاری خوازی كوردستان.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان
PM:04:14:10/11/2017