ئاری هەرسین دەستبەرداری پشكەكانی پارتی دەبێت

ئاری هەرسین دەستبەرداری پشكەكانی پارتی دەبێت لە پەرلەمان و داوا دەكات لە "كەمتەرخەمی" ببورن.

ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ماوەیەك لەوەوبەر لیستێكی نوێی بەناوی فراكسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند دەڵێت "دەستلەكاركێشانەوەم لە سەرۆك و ئەندامەتی لیژنەی پێشمەرگەو شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پارلەمانی كوردستان ڕاگەیاند" كە پشكی فراكسیۆنی پارتین. 

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پارتی دەشڵێت "داوا لە هەموو لایەك دەكەم لە كەمتەرخەمی و كەم و كوڕیمان ببورن".

ئاری هەرسین ڕۆژی 7ی ئەم مانگە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕایگەیاند بۆ ڕاگەیاندنی ئەم فراكسیۆنە بنەماڵەی بارزانی ئاگاداركردووەتەوە و لەگەڵ فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیدا كۆبووەتەوە و ئەوان ڕێز لە بڕیارەكەی دەگرن، وتیشی "ئەوەی كردوومانە خۆجیاكردنەوەیە لە فراكسیۆنی پارتی، هۆكاری دروستبوونی ئەمەش ئەوەیە تائێستا حزبەكانی هەرێمی كوردستان پێیان شەرمە بەرگری لە كورد بكەن بۆ ئەوەی وەك كەسێكی شۆڤێنی نەناسێندرێن، بەڵام من نامەوێت جگە لە كورد ببمە پارێزەری كەسی دیكە، بۆیە ئەم فراكسیۆنە تەنها جەخت لە مافەكانی تاكەكانی كورد دەكاتەوە".

وتیشی "لە ئێستادا تەنها خۆی ئەندامی فراكسیۆنەكەیە و داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش دەكات وەك فراكسیۆنێك بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بكات.

ئاری هەرسین وتیشی "ئەمە سیاسەتكردنە لەچوارچێوەی نەتەوەییدا بۆ ماوەی دوو وەرزی كاركردنی پەرلەمان و ئەگەر زانیمان سودی دەبێت بۆ كورد، ئەوا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەتوانین فۆرمێكی بدەینێ لە چوارچێوەی حزبێكدا".




PM:01:54:15/11/2017