سەرۆك وەزیرانی عیراق، دەنگۆی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران بەرێژەی 20% لە بودجەی 2018 ڕەتدەكاتەوە و پێشوازیش لە دەستپێشخەریەكەی هەرێم دەكات.
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕەتیكردەوە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی بەرێژەی 20% كردبێت و وتی "ئەو دەنگۆیانە درۆیە".
سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند "بەسەر گەندەڵكاراندا سەردەكەوین و ئەوان لە دژایەتیكردنی گەندەڵی دوامان ناخەن، درۆش كاریگەریی بۆسەر رەفتارەكانمان نابێت و سودیشی بۆ ئەوان نابێت"، هەروەها وتیشی "گەندەڵكاران لە هەموو شتێكدا جیاوازن، بەڵام لە گەندەڵیدا یەك دەنگ و كۆكن".
هاوكات دوێنێ سێشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا جارێكی تر دووپاتیكردەوە كە حكومەتەكەی پابەندە بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
هەروەك بەڵێنی دا بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی دەروازە سنورییەكان بەبێ ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە و وتیشی "هێزە ئەمنییەكان ئامادەباشی دەكەن بۆ رزگاركردنەوەی ئەو ناوچانەی كە دەوڵەت لە ساڵی 2003ەوە دەستی پێیان نەگەیشتووە.".
بەوتەی حەیدەر عەبادی، حكومەتی هەرێم لە رەشنوسی دوایین رێككەوتنی نێوانیان پاشگەزبووەتەوە و حكومەتی عیراقیش تاهەتایە چاوەڕوان ناكات، بەڵكو رێوشوێن سەبارەت بە دەروازە سنورییەكان بگرێتەبەر، وتیشی " داواكارم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكار بن بۆ پەیڕەوكردنی دەستور و بەڕێوەبردنی خاڵە سنورییەكان".
هەروەها عەبادی پێشوازیی لە راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و سەبارەت بە بەنداوی دەربەندیخانیش وتی "مەترسی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان نییە".