نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر مووچە دوا قسەی کردو وتی" ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە مووچە دابینبکەین، ئەوەی پێمانکراوە کردوومانە و لە داهاتووشدا بەپێی داهات دابینی دەکەین، لەگەڵ بەغداش لەبارەی بودجە لەسەر خەتین".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە هەولێر، وتی " لە پڕۆژەیاسای بودجە زووڵمێکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، زووڵمێکی وا دەکرێت کە تەسەورناکرێت و بەهەموو شێوەیەک زووڵمە، گەڕانەوەی پڕۆژەیاسای بودجەش لە پەرلەمانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەرفەتێکە، هیوادارم زووڵمەکە نەهێڵدرێت".
لە درێژەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەت لەبارەی ریفراندۆم، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی دایەوە و وتی "ئەگەر بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت عێراق سەقامگیربێت، دەبێت عێراق زۆر جددی و زۆر بە پەرۆش بێت لە جێبەجێکردنی دەستوور، دەستوور بۆ ئێمە یەک پاکێجە و لە ماددەی یەکەمەوە تا کۆتایی دەبێت هەمووی بەیەکەوە جێبەجێبکرێت، ناکرێت تەنیا ئەو ماددانە جێبەجێ بکەن کە خۆیان دەیانەوێت، هەروەها پێویستمان بە لایەنی سێیەم هەیە یارمەتیمان بدات، ئێمە پێمانوایە ئەگەر دەستوور وەکو خۆی جێبەجێبکرێت هیچ کێشەیەک لەم وڵاتە نامێنێت، تەنانەت ئەگەر دەستوور جێبەجێکرابا پێویستی بە ئەنجامدانی گشتپرسی نەدەکردش".
هەروەها وتیشی "بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتاییە و هەڵناوەشێتەوە، بەداخەوە ئەوان تاکلایەنە بڕیارەکەیان داوە".
لەبارەی داخستنی فڕۆکەخانەکانیش رایگەیاند: "پێشێلکارییەکی نادەستووری، نایاسایی و نامرۆڤانەیە، ئەگەر دەیانەوێت بزانن ئێمە لە فڕۆکەخانەکان چی دەکەن، فەرموون بابێن ئێمە ئامادەین، بەڵام داخستنیان پێشێلکارییەکی مرۆڤایەتییە".