حكومەتی عێراق مەرجەكانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم راگەیاند

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاشکردەکات و دەڵێت، دەبێ دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەردوو دۆسیەی ئەمنی و نەوتدا بسەپێندرێت.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەو مشتومڕەی پێشووی یەکلایکردەوە کە لەبارەی یاساییبوونی گشتپرسی هەبوو، دادگاکە گشتپرسی و لێکەوتە و ئەنجامەکانی هەڵوەشاندەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا چاوەڕوانی خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور، ئەوەش دەبێتە بنەمایەک لەو رێگەیەوە دەبێت پابەندی بڕیارەکان و یەکێتیی عێراق بن بۆ تاوتوێکردنی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەوتەی حەدیسی "ئەنجامدانی دانوستاندن پەیوەستە بە رێزگرتنی دەستوور، دەرهاویشتەکانی، رێزگرتن لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، هەنگاوە مەیدانییەکانی سەر زەوی تایبەت بە کاری هاوبەش لە بوارەکانی ئەمنی و نەوت، سەپاندنی دەسەڵاتی ئیتیحادی بەسەر هەردوو دۆسیەکەدا، ئەمانە لە پێشینەی سەرلەنوێ بنیادنانی متمانەیە بۆ بەهێزکردنی دیالۆگێکی ئەرێنی".




AM:10:54:23/11/2017