پارەكەی حكومەتی هەرێم تایبەت بە زیانەكانی قەزای دەربەندیخان گەیشتە گەنجینەكانی سلێمانی و قائیمقامیش دەڵێت "پارێزگای سلێمانی چاوەڕوانی ناردنی لیستی زیانەكانی سنوورەكەن، بە مەبەستی خەرجكردنی پارەكە".
ناسیح مەلا حەسەن، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند "ئەو بڕە پارەیەی كە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بڕیاری دابینكردنیان دابوو، گەیشتۆتە گەنجینەكانی سلێمانی".
وتیشی "لەو پارەیە ملیارێك دینار بۆ پڕۆژەی چاككردنی تۆڕی ئاو و كارەبای سنوورەكە تەرخاندەكرێت، ملیارێكی دیكەش بۆ زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخانە، 160ملیۆن دیناریش بۆ كەرتی پەروەردە دابینكراوە، جگەلەوەی پێشووتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان بڕی 80ملیۆن دینار دابینكرابوو".
راشیگەیاند: پارێزگای سلێمانی چاوەڕوانی ئامادەكردنی لیستی زیانەكانن كە ئێستا لەلایەن لیژنەكانی فەرمانگەی ئاو و كارەباوە سەرقاڵی ئامادەكردنین، بڕیارە سبەینێ 28ی تشرینی دووەمی 2017، ڕێكارە یاساییەكان تەواوبكرێن بە مەبەستی خەرجكردنی پارەكە.