لەشاری ڕانیە، لە باخێكدا و لە كاتی قوماركردن و لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوان دوو هاوڵاتیدا، یەكێكیان تەقەی كردووە و بەو هۆیەوە هاوڵاتییەك گیانی لەدەستداوە.
لە ڕاگەیەندراوێكی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین بڵاویكردەوە "كاتژمێر1ی شەوی 3ی كانوونی یەكەمی 2017 لە باخێك نزیك كلكەی كۆڵێن لە ڕانیە، لە كاتی قوماركردن دەمەقاڵێ لەنێوان دوو هاوڵاتی دروست بووە، ئەمەش بووەتە هۆی تەقەكردنی هاوڵاتییەك بەناوی (ٲ. ش) بە چەكی دەمانچە لە هاوڵاتی (ئـ. ع. ح) تەمەن (39) ساڵ دانیشتوی (كۆیە ـ ئازادی) كە فیشەك بەر (سكی) كەوتووە و بە برینداری دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی ڕانیە بەمەبەستی چارەسەركردن و لەكاتی چارەسەركردنی دا بەهۆی سەختی برینەكەی گیانی لەدەست داوە".
پۆلیس ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە "تۆمەتبارەكە دانیشتووی قەزای كۆیەیە و لە شوێنی ڕووداوەكەوە بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتووە و سێ كەسی دیكە كە لە شوێنی ڕووداوەكەبوون ڕاگیراون و ئێستا لەبەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی ڕاپەڕین لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت".