دەستەی دەستپاكی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

دەستەی دەستپاكی عێراق روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هیچ دۆسیەیەكی جێگرانی سەرۆك كۆماری عێراق رەوانەی دادگا نەكراوە.

لەروونكردنەوەیەكدا دەستەی دەستپاكی عێراق دەڵێت، "ئەو بابەتە بەشێوەیەكی هەڵە گواستراوەتەوە لەرێگای رۆژنامەی سەباحەوە، كە سەرۆكی دەستە باسی لە بڕیارەكانی پێشوو كردووە كە بۆ راپۆرتەكانی ساڵانی 2016 و 2017 دەگەڕێتەوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "لەو دۆسیانەدا كە كراونەتەڕوو باسی جێگرانی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بوو كە ئەوكات درابوونە دادگا، ئەوەی ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە رەتدەكەینەوە".

ئەمڕۆ دەستەی دەستپاكی عێراق لەسەر زاری سەرۆكی دەستەكەوە رایگەیاند، بەتۆمەتی كۆكردنەوەی سامان "بەرێگای ناشەرعی" هەریەكە لە ئەیاد عەلاوی و نوری مالیكی و ئوسامە نوجەیفی جێگرانی سەرۆكی كۆماری عێراق دەداتە دادگا.

ئاماژەی بەوەشكردبوو، هەروەها چەندین وەزیری دیكە بەهەمان تۆمەت دەدرێنە دادگا، "ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە هێڵە سوورەكان هەڵگیراون بۆ لێپرسینەوە لەگەندەڵكاران".





PM:02:42:03/12/2017