توركیا هێرشی كرد
"هێرشەكە تێكشكێنرا"

شەوی ڕابردوو سوپای توركیا هێرشی كردە سەر عەفرین و شەڕڤانانی یەپەگە بەرپەرچی هێرشێكی سوپای توركیایان دەڵێن "هێرشەكە تێكشكێندراون".

ئاژانسی هاوارنیوزی نزیك لە پەیەدە بڵاویكردەوە، سوپای توركیا هەوڵیداوە لە ڕێگەی (چیای گریی) لە ناوچەی بلبل، بچێتە ناوی كانتۆنی عەفرینەوە، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە بە توندی بەرپەرچیان داونەتەوە.

هاوارنیوز ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئاكامی وەڵامدانەوەی شەڕڤانان، سوپای توركیا بەناچاری لە ناوچەكە كشاوەتەوە بۆ سنوری نێوان خۆرئاوا و باكوری كوردستان، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەك بە زیانە گیانییەكانی ئەو شەڕە نەكراوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و مەولو چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند "لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیادا بڕیاریانداوە هێرش بكەنە سەر عەفرین".

لە بەرامبەریشدا موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە ڕایگەیاندبوو، ئەگەر توركیا هێرش بكاتە سەر عەفرین، ئەوا ڕوبەڕوی وەڵامێكی توندی گەلی كورد دەبێتەوە و شەڕە لە هەموو توركیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێت.




PM:12:06:05/12/2017