وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه ھه‌رێم ئاماده‌ی راده‌ستكردنی خاڵه سنورییه‌كانی ھه‌رێمه به به‌غدا و دەڵێت "سه‌رۆكی حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌ك رووپێو ده‌ربڕیوه".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی،عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی و راوێژكارانی وه‌زاره‌تدا كرد.
سه‌ره‌تا پوخته‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ھه‌رێمی كوردستانی باس كرد، به تایبه‌تیش ئه‌و خاڵه‌ی په‌یوه‌ست بوو به سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی وه‌فدی سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌ت بۆ وڵاتی فه‌ره‌نسا.
وه‌زیری كشتوكاڵ روونیشی كرده‌وه "سه‌ردانێكی سه‌ركه‌وتوو بووه، به تایبه‌تی پاریس دووپاتیكردۆته‌وه كه به‌رده‌وامده‌بێت له پشتیوانیكردنی كورد و ھه‌وڵه‌كان به ئاراسته‌ی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند".
وه‌زیری كشتوكاڵ وتی "جهختیشكراوهتهوه له‌سه‌ر ھه‌ندێ داواكاریی ده‌ستووری له‌وانه مادده‌ی 140 و دابینكردنی مافه ده‌ستوورییه‌كان".
سه‌باره‌ت به رێكه‌وتنیش له‌سه‌ر ده‌روازه سنوورییه‌كان عه‌بدولستار مه‌جید باسی له‌وه‌كرد "سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران راوبۆچوونی ھه‌رێمی له‌م رووه‌وه خستۆته‌ڕوو كه ئاماده‌ن خاڵه گومرگییه‌كان راده‌ست بكه‌ن به‌ڵام له رێی لیژنه‌ی ته‌كنیكییه‌وه دوای رێككه‌وتنی ھاوبه‌شی نێوان ھه‌ولێر و به‌غدا".
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو به باسكردنی پێویستیی وه‌زاره‌ت به (رووپێو) بۆ راپه‌ڕاندنی ئیش و كاره‌كانی كشتوكاڵ و له‌م باره‌وه وه‌زیری كشتوكاڵ دووپاتیكرده‌وه "داوای له سه‌رۆكی حكومه‌ت كردووه به ھهڵاوێرو به‌پێی ناوچه‌كان چه‌ند رووپێوێك دابمه‌زرێنێت، ئه‌ویش له‌لای خۆیه‌وه ره‌زامه‌ندی داوه، دوای ئه‌وه‌ی كه وه‌زاره‌ت له رێی لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕ‌و شاره‌زاوه و به‌پێی مه‌رج و سیڤییه‌كان ده‌ست به‌م ھه‌نگاوه ده‌كات".
ھه‌ر له كۆبوونه‌وكه‌دا جه‌ختكرایه‌وه له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ری زێده‌ڕۆیی و په‌یوه‌ست به تهسویهو ته‌ملیك و به‌رزبكرێته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌مه‌و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه راو سه‌رنج ده‌رباره‌ی ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.