"سوپای عێراق بەنیازە هێرش بكاتە سەر چیاكانی خورماتو"

فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئاشكرایدەكات كە حكومەتی عێراق هێزێكی زۆری ئامادە كردوە‌و بەنیازە هێرش بكاتەسەر زنجیرە چیاكانی دەوروبەری خورماتوو.


پاش ئەوەی ئەمرۆ چەندین گوندی ناحیەی زنانە لە قەزای خورماتوو لەڕێگەی فرۆكە جەنگییەكانی عێراق‌و تۆپبارانی حەشدی شەعبی بۆردومان كرا، فەرماندەیەكی پێشمەرگە باس لە ئەگەری هێرشكردنەسەر چیاكانی دەوروبەری قەزای خورماتوو لەلایەن هێزێكی زۆری سوپای عێراق دەكات.

محەمەد چەوری، فەرماندەی پێشمەرگە لە سنوری زنانە بە دواڕۆژی وتووە "دوو فڕۆكەی جەنگی عێراقی گوندەكانی قەڵا و قومپەڵك و قوشەلانی بۆردومان كردووە و زیانی زۆری بەمەڕ و ماڵاتی گوندنشینان گەیاندووە و خەڵكەكەیشی ئاوارەبوون".

وتیشی "حكومەتی عێراق هێزێكی زۆری لەخورماتوو كۆكردووەتەوە و بەنیازە بەدرێژایی زنجیرە چیاكانی پشت قەزاكە لە خوێتكەوە تاوەكو غەرە كۆنتڕۆڵبكەن و تێیدا جێگیربن كە ئێستا ئەو ناوچانە بەدەستی گروپێكی چەكدارانی داعشەوەیە".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە رەتیكردەوە كورد دەستی لەهاوەنبارانكردنی شارەكەدا هەبێت و وتی "سەرجەم ئەو كردەوانە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدەدرێت و پێشوتریش هۆشداریمانداوە لەبارەی بوونی ئەو هێزە كە مەترسی بۆ سەر خورماتوو هەیە".

ناحیەی زینانە لەروی ئیدارییەوە سەر بە قەزای كفرییە و كەوتوەتە نێوان هەردوو قەزای كفری و خورماتوو، ناحیەكە 40 كیلۆمەتر لە خورماتووەوە دورە و زنجیرە چیاكانی هەنجیرە و غەرە لەیەكیان دادەبڕێت.




PM:10:45:12/12/2017