نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەكەیدا بۆ ئەڵمانیا لەگەڵ راوێژكار و وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوەو یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبونەوەكان میكانیزمی چارەسەری پرسەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەبێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە لەسەر بانگهێشتیی رەسمی حکومەتی ئەڵمانیا، بڕیارە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکایەتی وەفدێک سەردانی کۆماری ئەڵمانیای فیدڕاڵ بکات.
فەرمانگەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە لە ماوەى سەردانەکەیدا نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگیلا مێرکڵ و هەریەک لە زیگمار گابریێل وەزیری دەرەوە و ئۆرسەڵا ڤۆندەرلاین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوەو سەردانى پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵیش دەکات.
ئاشكراشیكردوە"پەیوەندییە دوقۆڵییەکان، خستنەڕوى دوایین پێشهاتە سیاسى و ئەمنیەکانى ناوچەکەو شەڕى تیرۆریستانی داعش، رەوشى ئاوارەو پەنابەران و میکانیزمى چارەسەرکردنى پرسەکانی نێوان هەولێرو بەغدا و دوپاتکردنەوەى هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنى پرسەکان بە رێگەى دیالۆگ و ئاشتیانە تەوەرى سەرەکى دیدارو کۆبونەوەکان دەبێت"