مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

پارتی دیموكراتی كوردستانی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی دوو رۆژی رابردوو ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت "ئەو خۆپیشاندانە شاڵاوێكی قێزەون و ناشارستانییە و هەڕەشەیە لەسەر هەرێمی كوردستان".

درەنگانی شەوی رابردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكان بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "پارتی دژی هەر رەفتار و كردار و دەستدرێژی و پەلاماردانێكی شوێنە گشتی و دامەزراوە حكومی و حیزبییەكانە كە لێرەدا كردار و رەفتاری ئەو كەسانە خۆپیشاندانە‌كەی تەواو لە جەوهەر و مۆركی مەدەنیانەی خۆی دا‌ماڵی و بە خۆپیشاندانێكی چەكداریی ‌خۆی وەدەرخست".


دەقی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان:

خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای ئەوەی كە خۆپیشاندان بە مافی خەڵك دەزانین بۆ داواكردنی مافی رەوای خۆیان كە تەواو لەگەڵ پرنسیپەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسیەت دێتەوە و، لەو كاتەش كە دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەو دەنگە پاكانەی كە داوای چاككردنی ژیان و بژێوی خەڵك دەكەن و پارتیمان بە پەرۆشەوەیە كە حكوومەت مشوری ئەو خاڵە گرنگە بخوات، لە هەمان كاتدا دژی هەر رەفتار و كردار و دەستدرێژی و پەلاماردانێكی شوێنە گشتی و دامەزراوە حكومی و حزبیەكانە كە لێرەدا كردار و رەفتاری ئەو كەسانە خۆپیشاندانە‌كەی تەواو لە جەوهەر و مۆركی مەدەنیانەی خۆی دا‌ماڵی و بە خۆپیشاندانێكی چەكداریی ‌خۆی وەدەرخست. دیاریشە كە ئاژاوەگێڕان بارەگاكانی پارتیمانیان لە سەرووی ئارمانجەكانیان داناوە. لێرەدا داوا لە دەزگا ئەمنییە پەیوەنددارەكان دەكەین بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵسن لە پاراستنی گیانی كەسانی نێو ئەو دامەزراوانە و نەیەڵن رووداوەكان بە ئاقاری ناشرینكردنی كوردستان و ئەزموونەكەی بەرن.

لەمڕۆی كوردستان داوا لە هەموو لایەك دەكەین بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو شاڵاوە قێزەون و ناشارستانیانە بكەن كە هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان و ئەزموونە دیموكراسیەكەی دەكات. هێنانەدێی بەشێكی زۆری خواست و داواكانی خەڵك و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە بە هەوڵ و كۆششی هەموولایەك دەبێت بەمەبەستی زەمینە خۆشكردن بۆ هەڵبژاردنێكی دیموكراتی و پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ كە ویڕای ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان، خزمەتگوزاری و دادپەروەری لە سەرووی لیستی ئەركەكانی بێت.

ئێمە، وەك‌ پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانانمان لە لایەنە سیاسییە كوردستانییە خەباتگێڕەكان كە قوربانییەكی بێ شومارمان لەپێناو گەل و نیشتمان بەخشیوە، هەموو هەوڵ و كۆششێكمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستن و پێشخستنی ئەم دەسكەوتە پیرۆزە كە بەهای ئەو قوربانییەیە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
19/12/2017




AM:09:58:20/12/2017