فراکسیۆنە جیاوازەکان بەدواداچوون بۆ دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید و گیراوانی تر دەکات

گروپێک لە فراکسیۆنە جیاوازەکان لەنوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوون بۆ دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید و ڕابوون مەعروف و گیراوانی تری خۆپیشاندانەکان دەکەن.


پەروا عەلی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند لە ئێستادا وەک فراکسیۆنی گۆڕان و هاوکارانمان لە فراکسیۆنەکانی تر لەسەر چوار خاڵی سەرەکی هەوڵەکانمان دەستپێکردوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی هەرێم.

ناوبراو باسی لەوەکرد کە هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ بینینی شاسوار عەبدولواحید و ڕابوون مەعروف و سەرجەم گیراوان، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندییان کردووە بە د. خەسرەو گوڵ محەمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی و پێڕاگەیاندوون کە وەڵامیان دەداتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە هەوڵی تەواودان بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی خۆپیشاندانەوە گیراون.

وتیشی "داوا لەو خێزانانە دەکەین کە کەسوکاریان گیراوە داوای یاسایی تۆمار بکەن چونکە زۆرینەی گیراوەکان بەبێ بڕیاری دادوەر گیراون".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان باسی لەوەشکرد کە ئیمزا کۆدەکەنەوە بۆ کۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمان لەبارەی ئەو دۆخەی لە ئێستادا لە هەرێم دەگوزەرێت.

ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوو خۆپیشاندان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم بەڕێوەچوو سەرەڕای شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک هاوڵاتی ژمارەیەکی زۆریش لە چالاکوانان و هاوڵاتیان بەتۆمەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەستگیرکراون.




PM:02:35:23/12/2017